رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بۆ سەر تۆڕێکی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان لە سنووری دیمەشق، دەستیان بەسەر 12 ملیۆن حەبی کەپتاگۆندا گرتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، کە رۆژی دووشەممە، بڵاویکردەوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە هۆشبەرە یەکێکە لە گەورەترین دەستبەسەرداگرتنی مادە هۆشبەرەکان لەوەتەی حکومەتی نوێی سووریا هاتووەتە سەر دەسەڵات لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار.
عەمید خالید عید، بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، پاش چاودێریی و بەدواداچوونی وردی باندێکی بازرگانان کە هەوڵی رەوانەکردنی بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەریان دەدا بۆ دەرەوەی سووریا، هێزە ئەمنییەکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر باندەکە و دەستیان بەسەر نزیکەی 12 ملیۆن حەبی کاپتاگۆن لە ناوچەی دومیر لەنزیک دیمەشقدا گرتووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی سووریا، سەرۆکی تۆڕەکە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکراوە و بڕیاریشە لەداهاتوویەکی نزیکدا ئەو حەبانەی دەستیانبەسەردا گیراوە لەنێوببرێن.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاندووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە رەنگدانەوە و سووربوونی دەسەڵاتدانی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن، بڕینی سەرچاوەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەیە کە دەستیان لە قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان لە سووریا دا هەیە.
کاپتاگۆن لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوویا لە ساڵی 2011، بووە گەورەترین هەناردەکردنی سووریا و بازرگانییەکەشی سەرچاوەیەکی سەرەکی دارایی بوو بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.
لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، دەسەڵاتدارانی نوێ ژمارەیەکی زۆر دەستبەسەرداگرتنی حەبی کاپتاگۆن و باندی بازرگانیکردن بەو حەبە لە سەرانسەری وڵاتدا دەستگیر کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، وڵاتانی دراوسێی سووریا و بەتایبەت ئوردن بەردەوامن لەوەی چاودێریی سەر سنوورەکانیان بکەن، بۆ دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو مادە هۆشبەرەی بەقاچاخ لە سووریاوە، هەوڵی دزەپێکردنی دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ