بەریتانیا دەستەی تەحریر شام لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەسڕێتەوە

21-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، دەستەی تەحریر شامی لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە قەدەخەکراوەکان سڕیوەتەوە، ئامانجیشی لەو هەنگاوە "کارکردنی نزیکترە لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا" و پشتیوانیکردنە لە خاڵە لەپێشینەکانی بەریتانیا؛ لەوانەش رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کۆچ و لەنێوبردنی چەکی کیمیایی.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا، کە رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاوکرایەوە، فەرمانێک لە پەرلەمان دەرکراوە بۆ سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) لە لیستەکە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "بڕیاری حکومەت بۆ سڕینەوەی دەستەی تەحریر شام لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە قەدەخەکراوەکان، بە واتای کارکردنی نزیکتر دێت لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا و پشتیوانیکردنی خاڵە لەپێشینەکانی وەزارەتی نێوخۆ و دەرەوەی بەریتانیا."
 
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستەکە، "بەشێکە لە وەڵامی بەریتانیا بۆ ئەو پێشهاتە گرنگانەی لە سووریا روویانداوە، لەو کاتەوەی ئەو هێزانەی لەلایەن سەرۆک ئەحمەد شەرعەوە سەرکردایەتی دەکران، کانوونی دووەمی رابردوو رژێمی ئەسەدیان رووخاند." تەحریر شام لە بنەڕەتدا لە ساڵی 2017 وەکو ناوێکی دیکەی رێکخراوی قاعیدەی قەدەخەکراو خرابووە لیستەکەوە.
 
لە راگەیێنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "بەریتانیا لەسەر گوشارکردن بەردەوام دەبێت بۆ پێشکەوتنی راستەقینە، حکومەتی سووریا بەرپرس دەکات بەرامبەر کردەوەکانی لە شەڕی دژی تیرۆر و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە بەگشتی. ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر هەڵسەنگاندنی حکومەتە نوێیەکەی سووریا لەسەر بنەمای کردەوەکانیان نەک قسەکانیان."
 
بەریتانیا رایگەیاندووە، "داعش هێشتا هەڕەشەیەکی بەرچاوە لە سووریا" و سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستەکە "پشتیوانی لە کارکردنی ئەم حکومەتە دەکات لەسەر ئەرکی دژە داعش لە سووریا، کە لە ئەنجامدا هەڕەشە بۆسەر بەریتانیا کەم دەکاتەوە."
 
هەروەها بڕیارەکە "پشتیوانی لە کارکردنی نزیکتر دەکات لەگەڵ سووریا بۆ لەنێوبردنی بەرنامەی چەکە کیمیاییەکانی رژێمی ئەسەد. ئەم حکومەتە پێشوازی لە پابەندیی سەرۆکی سووریا دەکات بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی ئەم چەکانە."
 
ئەم بڕیارە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو راگەیێندراوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە لە سەرەتای ئەم ساڵ بۆ سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی دەریکرد.
 
سڕینەوەی تەحریر شام لە لیستەکە، واتای ئەوەیە کە ئەو تاوانانەی لە یاسای تیرۆری ساڵی 2000دا هاتوون، لەنێویاندا تاوانەکانی ئەندامبوون و داواکردنی پشتیوانی بۆ رێکخراوە قەدەخەکراوەکان، چیدیکە بۆ تەحریر شام کاریان پێناکرێت. بە تەواوبوونی ئەم پرۆسەیە، کۆی گشتیی 83 رێکخراو لەلایەن بەریتانیاوە وەک قەدەخەکراو دەمێننەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە