راگەیاندنی ئیدارەی کاتیی سووریا بۆ رووداو: وەزیری بەرگری باسی بەکارهێنانی هێزی دژی هەسەدە نەکردووە

22-01-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راگەیاندنی ئیدارەی کاتیی سووریا رەتیکردەوە وەزیری بەرگری باسی بەکارهێنانی "هێز"ـی دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردبێت، جەختی کردەوە لەوەی وەزیرەکە تەنیا باسی گفتوگۆکانی ئێستای لەگەڵ "هەسەدە" و "ئامادەبوون بۆ هەر بژارەیەکی دیکە"ـی کردووە.
 
چوارشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2025) ئاژانسی فرانس پرێس لە دیمەشق لە زاری وەزیری بەرگریی سووریا مورهەف ئەبو قەسرەوە بڵاویکردەوە، "ئێستا دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە کراوەیە، ئەگەر ناچاربووین هێز بەکاربهێنین، ئەوا ئامادەین."
 
بەڵام راگەیاندنی ئیدارەی کاتیی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزیر بەشێوەیەکی راستەوخۆ باسی بەکارهێنانی هێزی نەکردووە." راشیگەیاند، ئەبو قەسرە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە "بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ هەسەدە و ئامادەبوونی بۆ هەر بژارەیەکی دیکە کردووە، باسی هێزی نەکردووە."
 
راگەیاندنەکە دەشڵێت، قسەکانی ئەبو قەسرە لە دیدارێکدا بووە، لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەڤان لە دیمەشقی پایتەخت و وێنەی نەگیراوە.
 
لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، هاوکات لەگەڵ هێرشە لەناکاوەکەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب، کە دواجار لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 بووە هۆی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانی سووریا، کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، هێرشیان کردە سەر هەسەدە کە کۆنترۆڵی بەشێکی فراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای لەدەستدایە و تەلرەفعەت و شاری منبجیان کۆنترۆڵ کرد.
 
لەو کاتەوە، سەرەڕای ئاگربەستێک کە پێشتر ئەمریکا نێوەندگیریی کردووە، پێکدادان لەنێوان هەردوولا لە دەوروبەری شاری منبج و دەوروبەری بەنداوی تشرین بەرەو کۆبانێ بەردەوامە.
 
لەو نێوەندەدا، ئیدارەی نوێی سووریا و ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا گفتوگۆ دەکەن، کە دیدارێکی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرکردەی ئیدارەی نوێ و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدەی لێکەوتەوە، گفتوگۆکان چڕبوونەتەوە لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و دۆخی کورد لەژێر ئیدارەی نوێ و بەشداریی سیاسییان.
 
بەپێی لێدوانە فەرمییەکانی ئەحمەد شەرع ئەو ئیدارەیە هەوڵدەدات هێزەکانی هەسەدە هەڵبووەشێنێتەوە و وەکو گرووپە چەکدارەکان بیانخاتە نێو سوپای نوێی سووریا، بەڵام نابێت وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ لەنێو وەزارەتی بەرگری دا بن. ئەمڕۆ مورهەف ئەبو قەسرە جەختی لەوە کردەوە "پێویستە هەموو گرووپەکان، لەنێویاندا دەستەی تەحریری شام، بە دامەزراوەیی بکرێن."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات، باڵی سەربازیی ئیدارەی خۆسەرە کە کورد دوای هەڵگیرسانی شەڕی سووریا لە ساڵی 2011 دایانمەزراند و شەڕێکی گەورەیان دژی رێکخراوی داعش کرد، بە یارمەتیی ئەمریکا لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا شکستی بە رێکخراوە پەڕگیرەکە هێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە