رووداو دیجیتاڵ
راست و چەپی شەقامی باب شەرقییە لە دیمەشقی سووریا، پڕە لە باڕ و یانەی شەوانە. پێشتر جمەی دەهات لە خەڵک و تاوەکو بەرەبەیان چۆڵ نەدەبوو، بەڵام لە دوای رووداوەکەی کۆتایی مانگی نیسان کە ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر چەند کەسێک لە شەقامەکە، خەڵک کەمتر روو لە یانە شەوانەکان دەکەن.
عەلا سەلووم، خاوەنی مەیخانەیەکە لە شەقامەکە و دەڵێت، "کاتێک رژێمی ئەسەد رووخا، باڕەکان دەستیان لە کار کردن هەڵگرت، دوای نزیکەی مانگێک دووبارە دەستمان پێکردەوە، خەڵک هەستی بە ئاسوودەیی کرد و گەڕایەوە، بەڵام دوای رووداوەکانی ئەم دواییانە کە لە یانەی کەروان و شوێنەکانی دیکە روویاندا، خەڵک ترسا، بۆیە کڕیارەکانمان شەوانە ناچنە دەرەوە یان تاوەکو درەنگانێک نامێننەوە."
هەرچەندە حکومەتی سووریا فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی بە نایاسایی نەناساندووە، بەڵام فرۆشتنی بەتەواوەتی کۆنترۆل کردووە و رێگە نادات فرۆشگەی نوێی تایبەت بەو جۆرە خواردنەوە بکرێنەوە.
خاوەنی فرۆشگەکان دەڵێن، گوشاری زۆریان لەسەرە و ناتوانن بەو دۆخوی ئێستا بەردەوام بن. زۆری گوشارەکان وایکردووە فرۆشگەکان پشت بە میوانەکان ببەستن کە خواردنەوە کحولییەکان لەگەڵ خۆیان بهێنن و فرۆشگەکانیش بەشێکیان روویان لە فرۆشتنی خواردنەوە ناکحولییەکان کردووە.
ترسێکی زۆریش لەنێو خەڵکیدا بڵاوبووەتەوە و زۆربەی ئەوانەی دەچنە باڕەکان تەنیا چەند خولەکێک دەمێننەوە.
رامی یوسف، هاووڵاتیی سووریاییە و باس لەوە دەکات، "زۆر بە ئاسوودەیی شەو دەچووینە دەرەوە بۆ باڕەکان، بەتایبەتی دەچووینە ناوچە گەشتیارییەکانی وەکو باب تۆما، پێشتر بێخەم بووین، تاوەکو کاژێر سێ، چوار یان پێنجی بەیانی لە دەرەوە بووین و دڵخۆش بووین. ئەو کاتە لەگەڵ هاوڕێکانمان دەچووینە دەرەوە، ژن و پیاو هیچ جیاوازییەکی نەبوو، بەڵام ئێستا ئەمە روونادات، ئێستا دەبێت خەمی هەموو شتێک بخۆین."
خراپی دۆخی فرۆشگەکان وایکردووە کە زۆربەیان چوونەژوورەوەیان کردووەتە خۆڕایی و شەوانە میواندارێتی بۆنە تایبەتەکانی خەڵک دەکەن.
جاران مەیخانەکانی دیمەشق سیمبوولی کولتووری و ژیانی کۆمەڵایەتی بوون، بەڵام گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لە سیکۆلارەوە بۆ ئیسلامی، ئایندەی ئەو کەرتەی بە ناڕوونی هێشتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ