سووریا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سووریاییەکەی. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق رایگەیاند، تاکە رێگە بۆ هەسەدە رێککەوتنە لەگەڵ دیمەشق و تێکەڵبوونە بە سوپای ئەو وڵاتە؛ دەشڵێت: "هاوئاهەنگییەکانی هەسەدە و ئیسرائیل رێگرن لە پێشوەچوونی دانوستاندنەکان."
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و بە ئەندامێتیی یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت) گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، هاکان فیدان جەختی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و گوتی: "پێویستە هەسەدە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق رێکبکەوێت. ئاوێتەبوونی ئەم هێزە لەناو سوپای سووریا و پێکهاتەی کارگێڕیی وڵاتدا لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیری و لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە."
سەبارەت بە هۆکاری چەقبەستوویی دانوستاندنەکان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە نەبوونی "نیازی جدی" تۆمەتبار کرد و گوتی: "هەسەدە هەندێک چالاکیی خۆی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، ئەمەش گەورەترین رێگرە لەبەردەم گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی دیمەشق."
هەر لە دیمەشقەوە، هاکان فیدان ستایشی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی یاسای "قەیسەر" لەسەر سووریا و رایگەیاند، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و هاتنی وەبەرهێنان؛ ئامادەیی تورکیاشی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی بازرگانی و ئەمنی لەگەڵ دیمەشق دەربڕی.
لەسەر پرسی غەززەش، فیدان ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ئەمریکا، میسر و قەتەر لە پەیوەندیی بەردەوامدان و پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی نوێدا هەنگاوی کردەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بنرێت.
ئەمە چوارەمین سەردانی فەرمیی شاندی باڵای تورکیایە بۆ دیمەشق لە دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع وەکو سەرۆکی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ