رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، رێگە بە هاووڵاتیانی سووریایی نیشتەجێی کەمپی هۆل دەدات، خۆویستانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و زەحمەتکێشان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025) روونیکردەوە، ئەم بڕیارەیان لە 5ـی تشرینی یەکەمی 2020 دەرچووە، بەڵام ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆل نیشتەجێن "لە ترسی رژێمی ئەسەد، لە گەڕانەوە دەترسان."
دەستەکە رایگەیاندووە، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، سووریا چووە قۆناخێکی نوێوە و هەندێک دۆسیەی مرۆیی بوونەتە لەپێشینە، لەنێویاندا دۆسیەی ئاوارە و پەنابەران، کە بارگرانییەکی قورس بوو لەسەر شانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و زەحمەتکێشان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، "چیدی هۆکارێک نییە بۆ ترس یان مانەوە لە کەمپەکە دا،" بەڵێنیشی داوە هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو خێزانانە بکات، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
هەروەها داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بە کاروباری مرۆیی کرد "یارمەتی و هاوکاریی هاووڵاتیانی سووریا بدەن کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەوە ئاوارەی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوون و، ئێستا لە کەمپەکانی عەریشە، مەحموودلی، توێحینە و ئەبو خەشەب نیشتەجێن."
هاوکات، جەختی لەسەر پێویستیی هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بەرامبەر "دۆسیەی ئاوارەکانی عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی، بۆ ئەوەی بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، لەگەڵ گەرەنتیی نێودەوڵەتی کە بیانپارێزێت و گەڕانەوەیان مسۆگەر بکات."
جگە لە ئاواری سووریایی، زیاتر لە 22 هەزار ئاوارەی عێراقیش لە کەمپی هۆل دا ماون، کە زۆربەیان کەسوکاری چەکدارانی داعشن.
لە کۆبوونەوەی چوارشەمە (22-1-2025)ـی ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرۆکایەتیی دەکرد، گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی کامپی هۆڵ کرا و، دۆخی خێزانە عێراقییەکانی کامپەکە تاوتوێ کرا.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئاییندەیەکی نزیکدا پرۆسەی گەڕاندنەوەی فراوانی خێزانەکان دەستپێدەکەین، بەڵام بۆ گەڕاندنەوەیان پێویستە وردبینى ئەمنیی لە دۆسیەکانیاندا بکرێت."
رۆژی 6ـی حوزەیرانی 2024، عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە رووداوى گوتبوو، وەزارەتەکەى لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە رێککەوتن لەبارەى چارەسەرى پرسی ئەو عێراقیانەى لەکامپى هۆلن. بەپێی رێککەوتنەکە تاوەکو ساڵى 2027 نابێت هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کامپە دا بمێنێتەوە و دەبێت سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ