رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا رایگەیاند، بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە.
د. نیوار نەجم، گوتەبێژی لیژنەکە رۆژی شەممە بە رووداوی گوت: "بۆ مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیکردنی دادپەروەرانەی پارێزگاکانی سوەیدا، حەسەکە و رەققە لە ئەنجوومەنی گەلدا، هەروەها لەبەر ئەو کێشە ئەمنییانەی رووبەڕووی ئەم پارێزگەیانە بوونەتەوە، لیژنەی باڵا بڕیاری دا، کە پڕۆسەی هەڵبژاردن لەو پارێزگەیانە دوابخات."
گوتەبێژەکە دەشڵێت: "تاوەکو هەلومەرجی گونجاو و ژینگەیەکی ئارام بۆ هەڵبژاردنەکان فەراهەم دەکرێ، کار بەم بڕیارە دەکرێت. ئەو کورسییانەی بۆ ئەم پارێزگەیانە دانراون، پارێزراو دەبن، تاوەکو لەکاتێکی نزیکدا هەڵبژاردن لەو ناوچانە دەکرێت."
بڕیارە مانگی ئەیلوول سووریا بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ، ئەندامانی نوێی پەرلەمانەکەی هەڵبژێرێت. سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەرەوە دەستنیشان دەکرێن.
کۆی گشتیی ئەندامان 210 کەسە و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن.
پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانی دروزن، مانگی تەممووز، تووندوتیژیی خوێناویی بەخۆیەوە بینی؛ بەگوێرەی دوایین ئاماری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە هەزار و 600 کەسی تێدا کوژران، کە زۆرینەیان دروز بوون.
سەرەڕای راوەستانی تووندوتیژییەکان، دۆخی ئەمنی لە پارێزگاکەدا هێشتا ئاڵۆزە.
شەڕەکەی تەممووز بە پێکدادانی نێوان چەکدارانی دروز و چەکدارانی هۆزە دەشتەکییەکان دەستیپێکرد، دواتر هێزەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد و پەرەیسەند بۆ پێکدادانی خوێناوی.
پارێزگاکانی رەققە و حەسەکە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە 10ی ئاداردا رێککەوتنێکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان واژۆ کرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوانیانەوە، هێشتا بڕگەکانی جێبەجێ نەکراون.
بەگوێرەی ئەو نووسراوەی شەرع لە حوزەیرانی ئەم ساڵ دەریکرد، ئەندامانی "ئەنجوومەنی گەل" لەڕێگەی ئەو دەستەیانەوە هەڵدەبژێردرێن کە لەلایەن لیژنە لاوەکییەکانەوە پێکدەهێندرێن.
بەپێی راگەیێندراوی دەستووری، ئەنجوومەنە نوێیەکە ماوەکەی 30 مانگە و دەکرێت درێژبکرێتەوە، نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی یاسادانان دەکات تاوەکو دەستوورێکی هەمیشەیی پەسند دەکرێت و هەڵبژاردنی نوێ رێکدەخرێت.
لەدوای گەیشتنی بە دەسەڵات، پاش لەکارلادانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوو لە 8ی کانوونی یەکەمی پار، شەرع زنجیرەیەک هەنگاوی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناخەکە راگەیاند، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەنجوومەنی پێشووی گەل و دواتریش واژۆکردنی راگەیێندراوێکی دەستووری، کە ماوەی قۆناخی راگوزەری بە پێنج ساڵ دیاریکرد.
راگەیێندراوە دەستوورییەکە دەسەڵاتی نیمچە رەهای بە شەرع بەخشیوە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، سەرەڕای ئەوەی جەختی لەسەر بنەمای "جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان" کردبووەوە، ئەمەش رەخنەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پێکهاتەکانی سووریای لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ