سەرچاوەیەکی باڵای فەرەنسا بۆ رووداو: لە پشتیوانیکردنی گفتوگۆی هەسەدە و دیمەشق بەردەوامین

23-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسیی فەرەنسا رایگەیاند، پاریس لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی دانوستاندنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەردەوامە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەتی سووریا هێواش بوونەتەوە.
 
سەرچاوە فەرەنسییەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکان "بە پشتیوانی و هاوئاهەنگیی فەرەنسا و ئەمریکا بەردەوامن."
 
سەرچاوەکە گوتیشی، "فەرەنسا، وەک لە کۆنفرانسی پاریس سەبارەت بە سووریا لە مانگی شوبات بەڵێنی دا، بەردەوامە لە کارکردن بۆ پرۆسەیەکی راگوزەری ئاشتییانە کە ببێتەهۆی دروستکردنی سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، خاوەن سەروەری، سەقامگیر و گشتگیر، هەروەها بە تەواوی لەگەڵ ژینگە هەرێمییەکەی تێکەڵ بێت."
 
بەرپرسە باڵاکەی فەرەنسا جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکاتەوە، ئاماژە بەوەش دەدات، "تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا پرسێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی سووریا و ناوچەکە و بۆ شەڕی دژی تیرۆر."
 
سەرچاوە فەرەنسییەکە ئەوەشی خستەڕوو، "کاری گرنگ لە هەردوو دیوی رووباری فورات کراوە" و جەختی لەسەر گرنگیی هەنگاونان بەرەو "چارەسەرێکی هاوسەنگ و گشتگیر کردەوە کە رێز لە مافی هەموو سووریاییەکان بگرێت."
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، گرژییەکان لەسەر رێککەوتنی 10ی ئاداری 2025ی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەردەوامن.
 
ئامانج لە رێککەوتنەکە تێکەڵکردنی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو لەگەڵ دامودەزگەکانی ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق.
 
هەرچەندە رێککەوتنەکە بەشێوەیەکی نیوەچڵ جێبەجێ کراوە، بەڵام ناکۆکی لەسەر چۆنیەتیی تێکەڵکردنی شەڕڤانان ماوەتەوە. هەسەدە دەیەوێ بەم پێکهاتە و فەرماندەییەی کە ئێستا هەیەتی، ببێتە بەشێک لە سوپای داهاتووی سووریا، لە کاتێکدا دیمەشق دەیەوێ هەسەدە هەڵبوەشێتەوە و شەڕڤانان تاک تاک بچنە نێو سوپاکە. 
 
رۆژی دووشەممە، لە گوتارێکدا لە لووتکەی ساڵانەی کۆنکۆردیا لە نیویۆرک، شەرع رەخنەی لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە گرت و هۆشداری دا کە هێشتنەوەی پێکهاتەی ئێستای هەسەدە "ناوچەکە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و رەنگە ببێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان" کە کاریگەریی لەسەر عێراق و تورکیا و هەروەها سووریاش دەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندین جار تۆمەتی جوداخوازی رەت کردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە کە نایەوێ لە لە دەوڵەتی سووریا جیابێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە