رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا و رکابەری بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئێستا دەڵێت، ئەو بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رازی دەبێت و هەرچییەک بێت بە هیچ شێوەیەک تانە لە ئەنجامەکان نادات.
مەحموود مەرعی، بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا بە رووداوی راگەیاند، سندووقی هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی 46 وڵات گەیشتوونەتەوە دیمەشق و لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی سووریادا ئەنجامەکانیان رادەگەیێندرێت. بە گوتەی ئەو، هەڵبژاردنەکانی دەرەوە بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچووە.
ئەو بەربژێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سووریا کە خۆی وەکو ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆی سووریا ناساندووە، لە قسەکانیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دەرەوە پشتگیرییان نەکردووە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆ لەگەڵیدا بوون و پشتیوانییان کردووە.
مەحموود مەرعی رەخنە لە حیزبە کوردییەکان دەگرێت و دەڵێت، ئەو چاوەڕێ بووە وەکو ئۆپۆزیسیۆنێک پشتیوانیی بکەن، "بەڵام هەڵوێستێکی هەڵەیان پیشاندا، کە بایکۆتیان کرد".
مەرعی کە لەناو شەقامەکانی دیمەشقدا پۆستەرەکانی بە کەمی دەبیندرێن و شارەکە پڕبووە لە پۆستەرەکانی ئەسەد، دەربارەی نەبوونی هاوسەنگی لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکەدا دەڵێت "لەبەر ئەوەیە، کە یەکەم جارە ئەم دەرفەتە بە کەسێک بدرێت کە وەکو ئۆپۆزیسیۆن بەشداری بکات و داوای گۆڕینی دەستوور، یاسای هەڵبژاردنەکان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بکات".
26ی ئایاری 2021 بەبێ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی سووریا بۆ هەرسێ بەربژێر 'بەشار ئەسەد، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا و مەحموود مەرعی' بەڕێوەدەچێت.
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا هەڵبژاردنەکە بە یاسایی و رەوا نازانن و ئامادەنین دانی پێدا بنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ