لە شەڕی سوەیدا دوو دروزی هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکا و فەرەنسا کوژراون

24-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
وردەکاریی دۆخی سوەیدا
وردەکاریی دۆخی سوەیدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە شەقامێکی شاری سوەیدای باشووری سووریا ساتی کۆمەڵکوژکردنی ژمارەیەک دروز لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە دەبینن، یەکێک لەو قوربانییەکانی ئەو دەستڕێژییە، هاووڵاتییەکی سووری – ئەمریکی بووە کە بە سەردان گەڕابووەوە شاری سوەیدا. 
 
غیاس کەبتول، پزیشکە لە سوەیدا و دەڵێت، "کەیسمان بۆ هاتووە کە تەنیا دەتوانرێت بە کۆمەڵکوژیی خێزانی وەسف بکرێت. تەواوی خێزانەکان کوژراون؛ باوکەکە، دایکەکە و منداڵەکان هەموویان کوژراون." 
 
لە شەڕوپێکدادانەکانی ناوچە دروزنشینەکانی باشووری سووریا، ژمارەیەک هاووڵاتیی بیانیش کوژراون، بەڵام تەنیا دووانیان پشتڕاست کراوەتەوە. 
 
فیراس بەدر، دانیشتوویی سوەیدایە و دەڵێت، "ئەو رەشەکوژییە هەموو تاکێکی سوەیدای گرتووەتەوە و هەموو خێزانێک، کەسێکی لەدەست داوە." 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا؛ کوژرانی هاووڵاتییەکی سووریایی – ئەمریکی بەناوی حوسام سەرایەی تەمەن 35 ساڵ پشتڕاست کردووەتەوە.
 
کەسوکارەکەی رایانگەیاندووە، حوسام لەگەڵ هەشت ئەندامی خێزانەکەی لەسەر شەقامەکانی سوەیدا لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کە دەگوترێت سەر بە هێزەکانی حکومەتی سووریا بوون، کوژراون. 
 
سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن لەو شەڕوکوشتارەی ئەم مانگەدا، زیاتر لە هەزار و 300 کەس کوژراون کە زۆربەیان دروز بوون و هێزە ئەمنییەکانی سووریا تۆمەتبارکراون بە کوژرانی 196 دروزی سڤیل.
 
فیراس ئەبو لەتیف، کە هاووڵاتییەکی تەمەن 48 ساڵانی هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسیی بووە و ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و خۆی و ماڵەکەیان سووتاندووە. 
 
حەمەد قەتەینی، دانیشتووی سوەیدایە و دەڵێت، "ژووری میوانەکەم سووتێنرا. هەروەها ماڵی یوسفی کوڕیشمیان سووتاند. ماڵی ویسامی کوڕیشم بە تەواوی وێران کرا. دراوسێکەم، خۆی و تەواوی ماڵەکەیان سووتاند، من خۆم تەرمەکەیم هەڵگرتەوە. تەنیا ئێسک و پروسکی مابوو." 
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بێجگە لە کوژرانی سەتان خەڵکی سڤیل، زیاتر لە 145 هەزار کەسی دیکەش لە ناوچەکانی باشووری سووریا ئاوارەبوون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە