دروزەکانی سەر بە شێخ حیکمەت هەجەری "پاسەوانی نیشتمانی" پێکدەهێنن

24-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک گرووپی چەکداری دروز لە پارێزگای سوەیدای سووریا کە پابەندی بڕیارەکانی شێخ حیکمەت هەجەری، مەرجەعی دروزەکانن، پێکهێنانی هێزێکی نوێی یەکگرتوویان بە ناوی "پاسەوانی نیشتمانی" راگەیاند. 
 
گرووپە چەکدارە دروزەکان دەڵێن، ئامانج لە هەنگاوەکەیان یەکخستنی هەوڵە سەربازی و ئەمنییەکانە لەو پارێزگەیە کە دەکەوێتە باشووری سووریا.
 
بەگوێرەی میدیای خۆجێیی، چەندین گرووپی چەکدار راگەیێندراوی یەکگرتنیان لە چوارچێوەی "سوپایەکی یەکگرتوو"دا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامانج لەم هەنگاوە پێکهێنانی "هێزێکی رێکخراو و پتەوە کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی وڵات و خەڵکەکەی لەئەستۆ بگرێت".
 
گرووپە چەکدارەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا کە لە پەیجی "نووسینگەی راگەیاندنی پاسەوانی نیشتمانی" لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، جەختیان کردووەتەوە لە "پابەندبوونی تەواو بە بڕیارەکانی سەرۆکایەتیی رۆحانی کە شێخ حیکمەت هەجەری نوێنەرایەتی دەکات و بە نوێنەری شەرعی و خاوەن دەسەڵاتی تایفەی دروزی ناوچەی جەبەل دادەنرێ".
 
هەروەها راشیانگەیاندووە: "یەکگرتنی تەواوی خۆمان لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی رادەگەیێنین، وەک دامەزراوەی سەربازیی فەرمی و نوێنەری تایفەکەمان؛ هەروەها پابەندبوونی تەواوی خۆمان بەو ئەرکە بەرگرییانەی پێمان سپێردراون بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە پشتیوانەکان دووپات دەکەینەوە و بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە گیان و ماڵمان لەپێناو پاراستنی ناوچەی جەبەلدا دەبەخشین".
 
سەرچاوەیەک لە یەکێک لەو گرووپانەی کە چوونەتە نێو هێزە نوێیەکەوە، بە تۆڕی "ئەلراسد"ی راگەیاندووە، "ئەم یەکگرتنە وەڵامدانەوەیەکی کردارییە بۆ دۆخی ئەمنیی نوێی پارێزگاکە کە دوای رووخانی رژێمی پێشوو بۆشاییەکی ئەمنیی گەورەی دروستکرد و بووەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی چەکی هەڕەمەکی و زیادبوونی مەترسییەکان لەوەی ناوچەکە بەرەو ئاژاوەیەکی گشتگیر بڕوات یان لەلایەن رێکخراوە پەڕگیرەکانەوە بکرێتە ئامانج".
 
بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەرکی سەرەکیی پاسەوانی نیشتمانی، کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی نێوخۆ و پاراستنی سەقامگیری لە شار و گوندەکان، رێگریکردن لە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و رووبەڕووبوونەوەی هەر کارێکی تاوانکاری دەبێت.
 
هەروەها ئەرکی پاراستنی سنوور و ناوچە وشکانییەکانی هاوسنوور لەگەڵ بیابان لە ئەستۆ دەگرێ بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدار یان قاچاخچێتیی چەک و ماددە هۆشبەرەکان، کە رەنگە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیشدا بکەن.
 
پاسەوانی نیشتمانی کار لەسەر ئەوەش دەکات کە کارە سەربازی و ئەمنییەکانی پارێزگاکە بە دامەزراوەیی بکات و رێکیانبخات، وەک ئامادەکارییەک بۆ تێکەڵکردنی لەگەڵ هەر پێکهاتەیەکی ئەمنیی داهاتووی حکومەتی سووریا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە