رووداو دیجیتاڵ
هۆڵەندا نیگەرانە لە 'زیادبوونی گرژییەکان ' لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و دۆخی سووریاش بە "زۆر ئاڵۆز و پێشبینینەکراو" وەسف دەکات.
رۆژی یەکشەممە 25-1-2026 وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "بەوردیی چاودێریی گۆڕانکارییەکان دەکەین و پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی 20ی کانوونی دووەم دەکەین، هاوکات داوا لە هەموو لایەنە نێوخۆیی و هەرێمییەکان دەکات پابەندی بن".
وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە "تەنیا چارەسەری دیپلۆماسی و پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر دەتوانێت سەقامگیری و سەلامەتیی خەڵكی سڤیل لە سووریا مسۆگەر بکات". سەبارەت بە پێشێلکارییەکان دژی مافەکانی مرۆڤ لەو شەڕ و گرژیانەدا دەڵێت، بەهۆی "پێشبینینەکراویی دۆخەکەوە ناتوانین دیاریی بکەین کێ بەرپرسیاری کام پێشێلکارییەیە".
رۆژی 20ـی ئەم مانگە حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاگربەستێکی چوار رۆژیان کرد و دواتر بۆ 15 رۆژی دیکە درێژکرایەوە، بە گوتەی بەرپرسانی سووریا، ئەم ماوەیە بۆ ئەوەیە چەکدارانی داعش بگوێزرێنەوە زیندانەکانی عێراق.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا هۆشداری لە تێکچوونی باری ئەمنی لە سووریا دەدات و ئاماژەی بەوە کرد: "بە نیگەرانییەوە تێبینی ئەو راپۆرتانەمان کردووە کە باس لە دۆخی گرتووخانەکان و کەمپەکانی چەکدارانی داعش دەکەن". وەزارەتەکە داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، دوور لە هەر پەرەسەندن و ململانێیەکی سیاسی، ئاسایشی ئەو زیندانانە بپارێزن.
لە هەفتەی رابردووەوە هەسەدە جگە لە کەمپی هۆل، سێ گرتووخانەی چەکدارانی داعشی جێهێشتووە، ئەمە بووەتە هۆی هەڵاتنی بەشێکی چەکدارانی داعش و کەسوکارەکانیان لەو کەمپ و زیندانیانەدا.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا پابەندیی وڵاتەکەی وەک ئەندامێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش دووپاتکردەوە و رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێکخراوە بەردەوام دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ