سووریا
سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، قۆناخێکی نوێ لە وڵاتەکە دەستیپێکردووە. بەڵێنیشی دا تەواوی ئەو چەکانەی لەو وڵاتە هەن، بخاتە ژێر رکێفی دیمەشق. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش رەخنە لە کۆنگرەکە دەگرێت.
رۆژی سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، ئەحمەد شەرع، لە کۆنگرەکە کە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، گوتی، "ئەمڕۆ سووریا هەمووتانی بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی لەسەر داهاتووی سووریا راوێژ لەگەڵ یەکدی بکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، "سووریا دابەش ناکرێت؛ سووریا بە تەواوەتی گشتگیرە و هێز لە یەکگرتندایە".
هەروەها باسی لە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دیمەشقەوە کرد و گوتی، "کۆنتڕۆڵکردن و خاوەندارێتی تایبەتی دەوڵەت بۆ چەک دەستکەوت نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و پابەندییە."
سەرۆکی کاتیی سووریا دەڵێت، "سووریا بەدەست وێرانبوونی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێویستی بە پلانی فریاگوزاری و ناوەندی و دواتر ستراتیژییە. لەسەریشمان پێویستە وڵات لەسەر بنەمای یاسا بنیات بنێین و رێزی لێبگیرێت."
"کۆنگرەکە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا ناکات"
نزیکەی 600 کەس لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بەشدار بوون، بەڵام هیچکام لە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەشدارییان نەکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رەخنەی تووندی لە کۆنگرەکە گرت و رایگەیاند، نوێنەرایەتیی راستەقینەی گەلی سووریا ناکات.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 25-02-2025، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر روونکردنەوەیەکی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، سەرجەم گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، چاویان لەوە بوو سووریایەکی یەکگرتوو بۆ هەموو سورییەکان بنیاد بنرێت، بەبێ پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، رەنگە کۆنگرەی نیشتمانی یەکێک بووبێت لە داواکارییەکانی گەلی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشەکەی کە زیاتر لە 14 ساڵی خایاندووە، لە سەرەتای رووخانی رژێمی لەناوچوو، سەرجەم سوورییەکان گفتوگۆیان دەکرد و چاویان لە کۆنگرەی نیشتمانی سووریا بوو لەگەڵ هەنگاوە کردارییەکان بۆ قۆناخی بنیادنانی دەوڵەت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوە دەکات، ئەو هەنگاوانەی کە ئیدارەی جێبەجێکردنی کارەکان لە سووریا هەڵیدەگرێت، سەبارەت بە پرسی گفتوگۆ و بەشداریکردن، جێگەی هیوا نەبوون.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتی دەکاتەوە "ئەم کۆنگرەیە نوێنەرایەتی گەلی سووریا ناکات، ئێمە وەک بەشێک لە سووریا، نوێنەرایەتیمان نەکراوە، تێبینمان لە شێوە و ناوەڕۆکی کۆنگرەکە هەیە، نابینە بەشێک لە جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی".
جەخت لەوە دەکاتەوە "وەک سورییەکان، ئامانجی یەکەم و کۆتاییمان، لە سەرەتای شۆڕشی سووریاوە، رزگارکردنی کۆمەڵگەی سوورییە لە ستەم و زۆرداری و سیاسەتەکانی پەراوێزخستن، ئێمە دەستپێشخەری گرنگمان لەم چوارچێوەیەدا هەبووە".
هەروەها دەشڵێت "ئەمڕۆش داواکارییەکانمان نوێ دەکەینەوە کە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی راستەقینە ببەسترێت، کە نوێنەرایەتی سەرجەم سوورییەکان بکات، هیچ کەس پەراوێز نەخات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ