میدیا جیهانییەکان تیشک دەخەنە سەر ترسی کورد لە جێهێشتنی لەبەردەم هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا

دوێنێ کاژێر 12:05
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامە و ئاژانسە هەواڵییەکانی جیهان کە رووماڵی شەڕی ئەم دواییەی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، دۆخەکە تەنیا وەک رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی نابینن، بەڵکو وەک هێمایەک بۆ پەراوێزخستنی کورد، گۆڕانی هاوپەیمانییەکان و هەستی "تەنیابوون" یان ناپاکیلێکردن وێنای دەکەن.
 
کۆمەڵێک شرۆڤەکار و چاودێری رۆژئاوایی زمانێکی تووند بەکاردەهێنن سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی رۆژئاوا - یان نەبوونی رۆڵ - لە پاڵپشتیکردنی کورد لە سووریا.
 
راپۆرتێكی شرۆڤەکاریی UnHerdی بەریتانی بە ناونیشانی "رۆژئاوا کوردی جێهێشتووە،" راستەوخۆ باس لەوە دەکات کە کورد هەست بەوە دەکات لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە ناپاکیی لێ کراوە.
 
شرۆڤەکە بە رووداوێکی سیمبوولی دەستپێدەکات - تێکشکاندنی پەیکەری شەڕڤانێکی کورد لە تەبقە - وەکو ئاماژەیەک بۆ لەبیرکردنی دۆزی کورد.
 
پێگە هەواڵییەکە دەڵێت، "کەمبوونەوەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی" لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بەهۆی دەستبەرداربوونی وڵاتنی رۆژئاواوەیە، تەنانەت لە کاتێکدا دیمەشق دەیەوێ بە هێز کۆنترۆڵی خۆی بسەپێنێتەوە.
 
BBCی بەریتانی پێشهاتەکانی بە "پاشەکشەی خێرای هێزە کوردییەکان" ناوبردووە، کە سووریا لەژێر سەرکردایەتییە نوێیەکەدا "دادەڕێژێتەوە"، هەروەها بە "گەورەترین گۆڕانکاریی کۆنترۆڵکردن لە سووریا لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد" ناوی بردووە.
 
بی بی سی ئاماژە بەوە دەکات کە پاشەکشەی هەسەدە لە باکووری رۆژهەڵات گۆڕانکارییەکی گەورەی جوگرافییە.
 
رووماڵی NPRی ئەمریکی تیشک دەخاتە سەر هەستی کورد و لە زاری کەسێکەوە دەڵێت: "کەواتە کورد هەست بە ناپاکیکردن دەکەن و زۆریش دەترسن." 
 
رادیۆی نێودەوڵەتیی فەرەنسا RFI باس لە بێئومێدیی کورد دەکات دوای رێککەوتنەکەی دیمەشق و دەستبەرداربوون لە ناوچەکان.
 
بابەتێکی دیکە لە رۆژنامەی Haaretzی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات کە چۆن گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان- بەتایبەتی لە ژێر سایەی ستراتیجیی ئەمریکا و هاوپەیمانان کە لایەنگری سووریایەکی یەکگرتوون - هێزە کوردییەکانیان خستووەتە پێگەیەکی لاوازترەوە. 
 
گوتارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە سایەی رێککەوتنەکان لەگەڵ دیمەشق پاشەکشەی پێدەکرێ، لە کاتێکدا ئەو رێککەوتنانە بێ گەرەنتیی راستەقینە لەلایەن هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانەوە کراون.
 
هائارتز تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئێستا کورد لە لایەن هێزە رکابەرەکانەوە گەمارۆدراون و هاوپەیمانی باوەڕپێکراوی کەمیان هەیە، هەورەها پێیوایە پێکەوەکارکردنی ئەم دواییەی سووریا و تورکیا - کە زۆرجار بە بێدەنگی لەلایەن سیاسەتی ئەمری واقیعی رۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێ - بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی کورد لاواز دەکات.
 
The Jerusalem Postی ئیسرائیلی لە گوتارێکدا، بە تووندی جەخت لە بەتەنیا جێهشتنی کورد دەکاتەوە و دەڵێ: "ئەوان دەگرین چونکە بە مەبەست جێهێڵدراون. ئەوان بوونەتە قوربانیی سیاسەتێکی رۆژئاوایی کە ناپاکی لە بنەما ئەخلاقییەکانی خۆی کردووە." 
 
گوتارەکە کورد وەک لایەنێک وێنا دەکات کە لەلایەن رۆژئاواوە "بەجێهێڵدراون" لە بەردەم هێرشی حکومەتی سووریادا.
 
دەزگاکانی راگەیاندنی ئیسرائیل جەختیان لەسەر دەرهاویشتە هەرێمییەکانی لاوازبوون یان بەجێهێشتنی کورد کردووەتەوە.
 
لە بۆچوونەکاندا، وەک ئەوانەی Ynet News، شرۆڤەکاران دەڵێن خۆبەڕێوەبەریی کوردی بەهۆی رێکخستنەوە جیۆسیاسییە گەورەکانەوە "کەمبووەتەوە"، بەتایبەتی لێکنزیکبوونەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کە هێزە کوردییەکان پەراوێز دەخات و کاریگەریی ئەمریکا سنووردار دەکات. 
 
ئەم وێناکردنە جەخت لە نیگەرانییەکی ستراتیجیی ئیسرائیل دەکاتەوە کە لاوازبوونی پێگەی کورد، سەقامگیری لە بەرەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی ئیسرائیل تێکدەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جگە لە کوژراوان، چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاونیشتمانییەکی کۆبانێ: شەش لە کەسوکارەکەم کوژراون و چواریان لەژێر داروپەردوودان

هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندێکی کۆبانێ رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا و سوپای سووریا شەش ئەندامی خێزانەکەی کوژراون، کە سێ ژن و سێ منداڵن. دەشڵێت: "بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکانەوە ناتوانین تەرمەکان لەژێر داروپەردوو دەربهێنین".