رووداو دیجیتاڵ
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، پایەمە چاوەڕوانکراوەکەی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کاریگەریی لەسەر ئەو دیو سنوورەکانی تورکیا دەبێت و وا دەکات گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر هەسەدە کەمتر ببنەوە.
رۆژی (چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025) سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر دەستیپێکرد. یەکێک لە پانێڵەکان بەناوی داهاتووی سووریا لەدوای ئەسەد؛ داڕشتنەوەی پێکهاتەی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکە" بوو. چوار میوان لە ئوردن، چین، تورکیا و ئێرانەوە بەشدار بوون.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، کە بەشداربووی پانێڵەکە بوو، لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، "لە سەردەمی گۆڕانکارییەکی گەورەین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. یەکێک لە گۆڕانکارییەکان ئەنجامی جەنگی غەززەیە. یەکێکی دیکە رووخانی رژێمی سووریا بوو."
جەنگیز چاندار دەشڵێت، تورکیا دەیەوێت سوود لەو گۆڕانکاریانە وەربگرێت. "بەرپرسانی تورکیا دەیانەوێت پیشانی بدەن کە تورکیا لایەنێکی گرنگی ناوچەییە. تورکیا بووەتە لایەنێکی بەهێز بە جۆرێک بەبێ رەزامەندی یاخود زانیاریی تورکیا، چۆلەکەیەکیش ناتوانێت بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بفڕێت."
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی، ئاماژەی بە نزیکیی پەیوەندی بەرپرسانی وڵاتەکەی بە سەرکردەکانی حکومەتی سووریا کرد و گوتی "ئێستا، سووریا بووەتە هی تورکیا، چونکە دەستەی تەحریر شام لەلایەن تورکیاوە سپۆنسەر کراوە، لەلایەن تورکیاوە پارێزرا، لەلایەن تورکیاوە دامەزرا و ئێستا ئەوان لەسەر کورسی دەسەڵاتی دیمەشقن. بۆیە دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی؛ سووریا بووەتە هی تورکیا و تورکیا کۆنترۆڵی سووریای کردووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چاندار دەڵێت، ئەمە کۆی وێنەکە نییە و شتەکان لە سووریا بەو ئاسانییە نین. ئەو هۆکارەکەی بۆ دوو شت دەگەڕێنێتەوە کە یەکێکیان ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوەی دیکەش هەسەدەیە، "لایەنێکی سووریا هەیە کە تائێستا تورکیا لەگەڵی رێکنەکەوتووە و پەیوەندی لەگەڵدا ئاسایی نییە، ئەویش ناوچە کوردییەکانە. هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە پاڵپشتیی سەرەکیی کوردان کۆنترۆڵی نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا دەکات."
چاندار گوتی "یەک شت هەیە سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و داهاتووەکەی، ئەویش ئەوەیە دۆخەکەی لە نادڵنیایی و بێ سەروبەریدایە. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکدایە لە مێژووی دوور و نزیکی پڕ ئاژاوەیدا، هیچ کاتێک ئێستا و داهاتووی بەم جۆرە لە نادڵنیاییدا نەبووە."
چاندار ئاماژەی بە تێڕوانینی هەسەدە بۆ ئاییندەی سووریا کرد و گوتی "سەرکردەکانی هەسەدە نایانەوێت بچنە دیمەشق و لەبەردەم بەڕێز ئەحمەد شەرعدا بکەونە سەر ئەژنۆ و بڵێن 'ئەوە چەکەکانمان فڕێدا، جلە سەربازییەکانمان داکەند و وەرن دەتوانن بێن و حوکمی حەسەکە، قامیشلۆ، رەقە، دێرەزوور و هەر ناوچەیەک دەتانەوێت، بکەن و هەمووی هی خۆتانە.' ئەوان دەیانەوێت لە سووریای نوێدا دان بە مافەکانی کورددا بندرێت. ئەوان دەیانەوێت ئەوە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نیشتمانی لە چوارچێوەی سووریادا بکەن، بە جۆرێک حکومەتی نوێی سووریا نەبێتە دووبارەی حکومەتی بەعس یان خێزانی ئەسەد نەبێت."
ئەو چارەسەری کێشەکانی تورکیا - رۆژئاوای کوردستان و رۆژئاوای کوردستان - دیمەشق بە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەبەستێتەوە.
لەو بارەیەوە دەڵێت، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا جا سبەی، دووسبەی یان سێ سبەی، ئۆجەلان بانگەوازێک دەکات و داوا لە رێکخراوی پەکەکە دەکات کۆتایی بە ململانێی چەکداری لەگەڵ تورکیا بهێنن، چەکەکانیان دابنێن و رێکخراوەکە هەڵوەشێنێتەوە."
جەنگیز چاندار پێیوایە ئەگەر ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا سەرکەوتوو بوو، "کاریگەریی لەسەر سووریاش دەبێت، چونکە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەژێر کاریگەریی ئۆجەلاندا کاردەکەن. ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییە ئاشتییانە لە تورکیاوە هەبێت، ئەوا هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا و تورکیا لە رێگەی ئۆجەلانەوە دەتوانن بگەنە جۆرێک لە رێککەوتن. ئەگەر ئەوە رووبدات، تورکیا وەکو دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات نامێنێتەوە و گوشار لە کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات ناکات چەکەکانیان رادەستی ئەحمەد شەرع بکەن، بەڵکو بەجۆرێک لە سووریای نوێ دەڕوانێت وەکو ئەوەی عێراق."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران: دۆخی ئەمنیی سووریا زۆر ناسکە
سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران یەکێک بوو لە بەشدارانی پانێڵەکە. ئەو لەبارەی دۆخی ئەمنیی سووریا گوتی، "دۆخەکە ئێستا زۆر ناسکە. تاران چاوی لە وڵاتێکی یەکگرتووە، وڵاتێک کە حکومەتێکی گشتگیری هەبێت و هەموو گرووپە نەتەوەییەکان و کەمایەتییەکان تێیدا بتوانن دەنگی خۆیان بگەیێنن."
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گومانی خستە سەر دەستەی تەحریر شام و گوتی "تەحریری شام کێیە؟ ئایا ئەوان لەلایەن هەموو وڵاتان دانیان پێدانراوە؟ ئایا ئەوان لە پێشوودا جیهادیی تووندڕەو بوون لەگەڵ هەندێک چەکداری بیانی لەنێویاندا ئیگۆرەکان و ئەوانەی دیکە؟ هەروەک دەزانین ئەو چەکدارانە لەنێو دەستەی تەحریری شام دا بوون."
سەعید خەتیبزادە، ئیسرائیلی وەکو گەورەترین مەترسی لەسەر داهاتووی سووریا دەزانێت و گوتی "ئەوەی لە کرداری ئیسرائیلییەکان لە سووریا ئێستا دەبینین، پارچەکردنی کۆمەڵگەی سووریایە، کە دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی نێوان نەتەوەکان. قسەکردن لەسەر یاسا و قسەکردن لەسەر کەمایەتییە نەتەوەییەکانی دیکە و هەوڵدان بۆ جیاکاری بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانییە. لەپاڵ ئەوەشدا، داگیرکاری دەرەکیی هەیە، ئێستا داگیرکارە کۆنەکان لەوێن و داگیرکاری نوێ هەن کە ئیسرائیلە."
سەعید خەتیبزادە بە دووری دەزانێت ئیسرائیل لە سووریا بکێشتەوە، کە ئێستا تەنیا 20 کیلۆمەتر سوپاکەی لە دیمەشقەوە دوورە.
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە، بەرپرسانی تاران بە وریاییەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هەوڵدەدەن "لەگەڵ عێراق، تورکیا و هەموو ئەو وڵاتانەی لە ناوچەکە دا دەنگێکی سەربەخۆیان هەیە، گفتوگۆ بکەین و رێکخستنێکی گشتگیر بۆ داهاتووی ناوچەکە دابنێین."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەنگی خۆی خستە پاڵ ئەو دەنگانەی دەڵێن کەمینەکانی سووریا لە مەترسیدان. ئەو دەڵێت، نەک تەنیا عەلەوییەکان، بەڵکو سوننەکانیش لەمەترسیدان. گوتیشی، ئەوەی دەسەڵاتی لە سووریا بەدەستە، کەمینەیە.
جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی ئوردن: دەسەڵاتی پێشووی سووریا مەترسی بوو بۆ سەر ئوردن
د. جەواد عەنانی، جێگری پێشووی سەرۆکوەزیرانی ئوردن باسی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی سووریا لەسەر وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "سووریا ئەوسا (حکومەتی ئەسەد) بۆ ئێمە هەڕەشەی ئەمنی بوو بۆ سنووری باکوورمان لەگەڵ سووریا. چونکە ئەوکات بازرگانی و قاچاخچیێتی مادەی هۆشبەر زۆر چالاک بوو."
ئەو هەروەها دەڵێت، "ئەو گرووپانەی لە باکووری سووریاوە هاتنە سنوورەکانی ئوردن، نەک تەنیا بازرگانییان بە مادەی هۆشبەر دەکرد، بەڵکو بەشێکیان کردەوەی تیرۆریشیان دەکرد و هەڕەشەیان بۆ سەر ئاسایشی ئوردن دروست دەکرد. ئەمەش وایکرد دۆخی ناوخۆی ئوردن بشڵەژێت و بەردەوام چاودێریی دۆخەکەمان دەکرد."
لە گوتەکانیدا، عەنانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا گەیشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سووریاوە بۆ وڵاتەکەی کەمبووەتەوە، بەڵام بنبڕ نەکراوە. هەروەها هۆشداری دا "گرووپەکان تەکنەلۆژیای نوێ، لەوانە درۆن بۆ گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن."
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئوردن ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دیکە پیشاندا و گوتی، رێز لە هەمووان دەگرن.
سووریا و مەترسیی ئەمنی لەسەر چین
گانگ ژینگ، بەڕێوبەری سەنتەری ئاسایشی دەرەوە لە زانکۆی تسینگهوا لە پەکین دەستپێکی قسەکانی سوپاسی رووداوی کرد بۆ رێکخستنی کۆربەندەکە و رۆڵی رووداوی لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و عێراق و کورد و چینییەکان بەرزنرخاند.
گانگ ژینگ گوتی، "پێموایە گۆڕانکاری و نادڵنیایی گەورە هەیە. لە رۆژئاواش (وڵاتانی رۆژئاوا) ئەو ترسە هەیە و هەوڵدەدەن وشەی راست بۆ باسکردنی دۆخی ئێستا لە ناوچە جیاوازەکان بەتایبەت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بدۆزنەوە."
دەشڵێت، "سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هێزە گەورەکان و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە، پێموایە ئێستا کاریگەری وڵاتانی خاوەن هێز لەسەر ناوچەکانی جیهان لە نزمترین دۆخی دایە. هەموو هێزەکانی دەرەوەی ئەو ناوچەیە لاوازترین هەژموونیان بەسەر ناوچەکەوە هەیە." چەند نموونەیەکی بۆ قسەکانی هێنایەوە و گوتی، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و وڵاتانی وەکو چین، رووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا بەرەبەرە هەژموونیان بەسەر ئەو ناوچانەدا کەمتر دەبێتەوە.
گانگ ژینگ سووریای وەکو مەترسی لەسەر وڵاتەکەی بینی و گوتی، چەند گرووپێکی چینی لە سووریا هەن و مەترسی ئەوە پیشان دەدەن هێرش بکەنە سەر چین و بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمە مەترسییە بۆ سەر چین و سووریا بووەتە شوێنی ئەو گرووپانە.
بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایشی دەرەوە لە زانکۆی تسینگهوا لە پەکین باسی لە خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی حکومەتی سووریا کرد و جەختی لەوە کردەوە، بەرپرسانی سووریا چەند ئاماژەیەکی جیاوازیان ناردووە، بەشێکیان باش و ئەرێنین و بەشێکیان نا. بەشداریکردنی چین لە ئاوەدانکردنەوەی سووریای بە خاڵێکی ئەرێنی و پێدانی پۆستی بە چەکدارە چینییەکانی نێو گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە مەترسی و خاڵێکی نەرێنی دانا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ