رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسێکدا لە شاری نیویۆرک، راوێژکارێکی حکومەتی سووریا وێنەیەکی تاریک و نائومێدکەری بۆ دۆخی سووریای دوای رووخانی رژێمی ئەسەد کێشا. بەگوێرەی راوێژکارەکە، بنیاتی کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە بە تەواوی تێکشکاوە و سەرجەم متمانەکان لەنێوچوون.
زەهرا ئەل-بەرازی، راوێژکاری تایبەتی حکومەتی سووریا بۆ دادپەروەریی راگووزەری، رایگەیاند: "هیچ رێککەوتنێکی کۆمەڵایەتی نییە. پێکهاتنی کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا بە تەواوی تێکشکاوە و متمانە بە دەسەڵاتداران نەماوە. متمانە بە پڕۆسەکان نەماوە. متمانە بە رێکارەکان نەماوە. متمانە بە دامەزراوە حکوومییەکان نەماوە. متمانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەماوە."
بەشی هەرە گەورەی مشتومڕەکە لە کۆنفرانسەکەدا لەسەر پرۆسەی دادپەروەریی راگووزەری بوو، کە پرۆسەیەکی یاساییە و تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی سەردەمی ئەسەد و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان. ئەو بڕیارە مشتومڕهەڵگرەی کە سەرۆکی کاتیی سووریا لە مانگی پێنج دەریکرد، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی لێگیرا، چونکە مەوداکەی بە بچووک دەزانن و هەموو تاوانەکانی دژی کەمایەتییەکان ناگرێتەوە.
لەبارەی ماوەی کاتی پرۆسەکە، دوو بۆچوونی جیاواز هەبوون. فازل عەبدولغەنی، بەڕێوبەری تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێی وایە دەبێت تەنیا تاوانەکانی نێوان ئازاری 2011 تا کانوونی یەکەمی 2024 بگرێتەوە، چونکە فراوانکردنی ماوەکە "ژمارەیەکی زۆر دۆسیە دەبن و دەکرێت پرۆسەکە شکست بهێنێت."
لە بەرامبەردا، دەیڤد تافوری، پارێزەری نێودەوڵەتی، پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ناتوانرێت دیموکراسییەکی پێگەیشتوو دروست بکرێت بەبێ چارەسەرکردنی تاوانەکانی پێش ساڵی 2011یش، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی بەرامبەر نەتەوەکانی وەک کورد ئەنجام دراون.
تەوەرێکی دیکەی کۆنفرانسەکە پەیوەست بوو بە ناوی فەرمی وڵاتەکە کە "کۆماری عەرەبی سووریایە". جۆرج ستیفۆ، ئەندامی نووسینگەی جێبەجێکاری رێکخراوی دیموکراتی ئاشووری، رایگەیاند کە زیادکردنی زاراوەی "عەرەبی" بۆ ناوی دەوڵەتەکە، مافی گرووپە نەتەوەییەکانی دیکە، وەک کورد و ئاشووری، زەوت دەکات، کە دووەم گەورەترین نەتەوەن لە سووریا دوای عەرەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ