رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) رایدەگەیێنێت، گرووپە چەکدارەکان ئاگربەستیان پێشێلکردووە و لەژێر ناوی "خێڵە عەرەبەکان"ـدا هێرش دەکەن. دەشڵێت، سەرجەم هێرشەکان تێکشکێندراون و تەنیا لە گوندی سەفا زیاتر لە 40 چەکداریان لێ کوژراوە.
رۆکسان محەممەد، گوتەبێژی یەپەژە لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 23:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دوایین پێشهاتە مەیدانییەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند: "لەو کاتەوەی ئاگربەست راگەیێندراوە، چەتەکانی هەتەشە و داعش پێشێلی دەکەن؛ پیلانی ئەوان داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستانە، بەڵام ناهێڵین دەربازبن مەگەر بەسەر جەستەی ئێمەدا بڕۆن."
سەبارەت بە شێوازی هێرشەکان، گوتەبێژی یەپەژە ئاشکرای کرد، چەکدارەکان دەیانەوێت لەژێر ناوی "خێڵە عەرەبەکاندا" پێشڕەوی بکەن، هاوشێوەی ئەو تاکتیکەی کە پێشتر لە دێرەزوور بەکاریان هێنابوو، بەڵام جەختی کردەوە کە "سەرجەم هێرشەکان بەرپەرچدراونەتەوە و نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکەن."
رۆکسان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی ئەمڕۆ گرتنی رێگە ستراتیژییەکانی نێوان شارەکانی رۆژئاوای کوردستان بوو، بەڵام "هەوڵەکانیان شکستی هێنا."
لەبارەی زیانەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە، گوتەبێژی یەپەژە بە رووداوی گوت: "لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەوی بەرەو کۆبانێ، لانیکەم دوو تانکیان تێکشکێندراوە و دەیان چەکداریان کوژراون، هەروەها لە گوندی سەفا 40 بۆ 50 چەکداریان کوژراون و چەندین زرێپۆشیشیان تێکشکێندراوە."
سەبارەت بە جووڵەکانی سوپای سووریاش، رۆکسان محەممەد گوتی: "ئێستا سوپای عەرەبیی سووریا 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی حەسەکەوە دوورن و بە هێزێکی زۆرەوە جێگیر بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هیچ شوێنێک داگیر بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ