رووداو دیجیتاڵ
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، هۆشدارییەکی تووند دەداتە کۆشکی سپی و دەڵێ، واشنتن خەریکە "قومارێکی مەترسیدار" لە سووریا دەکات کە هەموو دەستکەوتەکانی ئاسایشی ناوچەکە و سەرکەوتن بەسەر داعشدا دەخاتە مەترسییەوە.
لە بابەتێکدا کە رۆژی سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026 لە واشنتن پۆست بڵاوی کردووەتەوە، پۆمپەیۆ نووسیوویەتی: "دۆخی سووریا زۆر مەترسیدارە. ئەگەر ئەو راپۆرتانە راست بن کە باس لە کشاندنەوەی دوایین هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکەن، ئەوا واشنتن قومار بە ئاسایشی سەربازیی خۆی، سەقامگیریی ناوچەکە و گیانی ئەمریکییەکان دەکات."
"پشتکردنە هەسەدە و هەڵاتنی داعش"
پۆمپەیۆ بە نیگەرانییەوە باس لە پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات لە ناوچەکانی وەک دێرەزوور و رەققە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، دوای ئەوەی هێزەکانی حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی ناوچەیەکیان کرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بوو، "ژمارەیەکی نادیار لە چەکدارانی داعش لە زیندانی شەدادە هەڵاتن، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر گیانی سەربازانی ئەمریکا."
پۆمپەیۆ دەڵێ: "هەسەدە ئازایانە بە نوێنەرایەتیی ئەمریکا شەڕی کرد بۆ تێکشکاندنی خەلافەتی داعش، کە یەکێک بوو لە دەستکەوتە دیارەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ. بەڵام ئێستا نیشانەی نیگەرانکەر هەن کە واشنتن نەک تەنیا دەکشێتەوە، بەڵکو پشت لە بەڵێنەکانی بە هەسەدە دەکات و چارەنووسی دەخاتە دەست حکومەتێکی تاقینەکراوەی سووریا."
رەخنە لە هەڵگرتنی سزاکان
مایک پۆمپەیۆ رەخنە لە سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمریکا دەگرێ بەرامبەر دیمەشق و دەڵێ: "تەنیا مانگێک دوای ئەوەی ئەمریکا سزاکانی لەسەر حکومەتە نوێیەکەی سووریا لابرد، ئەحمەد شەرع پاشگەز بووەتەوە لە بەڵێنەکانی بۆ میانڕۆیی و پاراستنی مافی کەمینەکان."
بە گوتەی پۆمپەیۆ، وەزارەتی بەرگریی سووریا پڕ بووە لە "ئیسلامی و لایەنگری ئیخوان موسلمین" و حکومەت توانای پاراستنی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی نییە.
سیناریۆی عێراق دووبارە دەبێتەوە؟
پۆمپەیۆ ئەم دۆخە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011 لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە دەچوێنێت و دەڵێ: "با لەبیرمان نەچێت چی بووەهۆی سەرهەڵدانی داعش؛ کشانەوەی ئەمریکا و نەمانی متمانە بوو. کشانەوە کارەساتبارەکەی ئۆباما بۆشاییەکی دروست کرد کە داعش پڕی کردەوە و یەک لەسەر سێی سووریا و 40٪ـی عێراقی داگیرکرد."
پێشنیازەکانی پۆمپەیۆ: سزاکان و ناوچەی دابڕ
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، پۆمپەیۆ چەند پێشنیازێک بۆ ئیدارەی ترەمپ دەخاتەروو بۆ رێگرتن لە کارەسات:
1- دروستکردنی هێڵی جیاکەرەوە (Buffer Zone) لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی سووریا، بە پشتیوانیی هێزێکی سنوورداری ئەمریکا.
2- گەڕاندنەوەی خێرای سزاکان بۆ سەر کەرتی نەوتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و سەرکردە میلیشیاکان.
3- بەکارهێنانی گوشاری دیپلۆماسی بۆ رێککەوتنێکی ئەمنی کە رێگری لە داڕمانی ناوخۆیی سووریا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ