عەلەوییەکانی سووریا ئەنجوومەنێکیان پێکهێنا و داوای فیدراڵی دەکەن

27-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەلەوییەکانی سووریا ئەنجوومەنێکی تایبەت بە خۆیان پێکهێنا و داوای جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵی دەکەن بۆ چارەسەری دۆخی ئێستای سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر.
 
27ی ئابی 2025، ژمارەیەک نوێنەری عەلەوییەکانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا، پێکهێنانى ئەنجوومەنی سیاسیی بۆ ناوەڕاست و رۆژئاوای سووریایان بڵاو کردەوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەو ئەنجوومەنە تێڕوانینی خۆی لەبارەی دۆخی سووریا و چۆنێتیی چارەسەرکردنی دۆخی ئەو وڵاتە بۆ قۆناخی دادوەریی راگوزەر خستەڕوو.
 
لە یەکێک لە تێڕوانینەکانی ئەو ئەنجوومەنەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سیستمی فیدراڵی گونجاوترین شێوازە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سڤیلی دیموکراسیی جێگیر، کە توانای پاراستنی مافی هاووڵاتییانی و بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانیی گشتگیری هەبێت.
 
ئەو ئەنجوومەنە داوای کردووە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ رەوانەی دادگای نێودەوڵەتیی تاوان بکرێت و دادگایەکی تایبەت بە سووریا پێکبهێنرێت و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە راوەدوونانی سەرکردەکانی رێکخراوە "تیرۆریستییەکان" بکرێت.
 
ئەنجوومەنی سیاسیی بۆ ناوەڕاست و رۆژئاوای سووریا داوای دامەزراندنی دەستەیەکی سەربەخۆی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ونبووان، هەروەها دڵنیابوونەوە هەبێت لە ئازادکردنی دەستگیرکراوان و بێسەروشوێنانی زۆرەملێ و گەڕاندنەوەی فەرمانبەرانی دوورخراوە و هێنانەکایەی یەکسانی لە پۆستەکاندا و کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی رەگەزنامە و رێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافی و ئاوارەکردنی زۆرەملێ.
 
عەلەوییەکانی سووریا لە پارێزگاکانی تەڕتووس، لازقییە، حومس و حەمای سووریا نیشتەجێن، کە ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژئاوای سووریا دەگرنەوە.
 
کینان وەقاف، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنی سیاسیی بۆ ناوەڕاست و رۆژئاوای سووریا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەبۆنەی دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە گوتی: "بە بۆچوونی ئەنجوومەنەکەمان، ئاشتی یەکێکە لە بنەما و بەها بنەڕەتییەکانی سیستەمی فیدراڵی و ئامانجە سەرەکییەکەیەتی. فیدراڵی دەسەڵات بە هەرێمەکان دەدات کە بەفیدراڵی دەکرێن و رێگەیان پێدەدات دەسەڵاتیان بەسەر سامانەکانیانەوە هەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە