رووداو دیجیتاڵ
میدیای رووسیا بڵاویکردەوە، یەکەمین وەفدی باڵای رووسیا بە فەرمی سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەکە کۆدەبنەوە.
رۆژی سێشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2025، میدیای رووسیا بڵاویکردەوە، یەکەمین وەفدی باڵا و فەرمی رووسیا گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی نوێی سووریا کۆدەبنەوە.
بە گوێرەی میدیای رووسیا، هەریەک لە میخایل بوگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا و ئەلیکساندەر لاڤرینتیڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە دیمەشق ئەندامانی وەفدەکەن.
رووسیا دیارترین هاوپەیمانی رژێمی پێشووی سووریا بوو. رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی پار رژێمەکە رووخا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و ماڵباتەکەی چوونە رووسیا. دوای رووخانی حکومەتەکە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شامە حکومەتێکی کاتییان تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ پێکهێنا.
دەستەکە یەکێکە لەو گرووپانەی لە رووسیا قەدەخە کراوە و بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" دادەنێن.
ئێستا مۆسکۆ دەیەوێت دوو بنکە سەربازییەکەی لە سووریا و بەرژەوەندییەکانی دیکەی لەو وڵاتە بپارێزێت.
کانوونی یەکەمی پار لەبارەی پەیوەندیی نێوان دیمەشق و مۆسکۆ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا گوتی، "بەشێکی زۆری چەکەکانی سووریا رووسین و زۆرینەی وێستگەکانی وزەش لە لایەن پسپۆرە رووسەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، بۆیە نامانەوێت رووسیا سووریا جێبهێڵێت وەکو ئەوەی هەندێک دەیانەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ