سوپای سووریای ئازاد: داوامان لێ نەکراوە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی سەنادیدی نێو هەسەدە بکەین

28-02-2025
نالین حەسەن
نالین حەسەن
فەرماندەیەکی سوپای سووریای ئازاد لەگەڵ سەربازانی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی.
فەرماندەیەکی سوپای سووریای ئازاد لەگەڵ سەربازانی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی هێزی سووریای ئازاد لە تەنەف بە رووداوی راگەیاند، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داوایان لێنەکردوون هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی سەنادید بکەن کە بەشێکە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات  (هەسەدە)؛ هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی بەندەر دەهام هادی، فەرماندەی هێزی سەنادید بە رووداوی راگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە هاوپەیمانان داوایان لێکردوون هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی سووریای ئازاد دا بکەن، دوورن لە راستییەوە.
 
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، پێش دوو رۆژ لەگەڵ هێزی سووریای ئازاد لە ناوچەی تەنەف کۆبوونەوە؛ لە گوندەکانی قامشلۆش لەگەڵ هێزی سەنادید کۆبوونەوە. 
 
هەندێک سەرچاوەی میدیایی نێوخۆیی لە سووریا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاویان کردبووەوە کە داوا لە هەردوو هێز کراوە بێ گەڕانەوە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات لەنێوان خۆیاندا هاوئاهەنگی بکەن، بە واتای ئەوەی کە بەشەکانی دیکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات پشتگوێ بخرێن، بەڵام رووداو پەیوەندی بە هێزی سووریای ئازاد و هێزی سەنادیدەوە کرد و هەردووکیان ئاماژەیان بەوە کرد، کۆبوونەوە ئەنجام دراوە، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ داوایەکی لەو جۆرەیان لێنەکردوون.
 
هێزی سەنادید لە ساڵی 2013 لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامی هۆزی شەمەر پێکهێنرا و چەکدارەکانی لە تل حەمس و تل کۆچەر لە ناوچەی جەزیرەی رۆژئاوای کوردستان هەن و لە ساڵی 2015 پەیوەندیان بە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کرد. ئەم هێزە لەلایەن حمێدی دەهام هادی دامەزرێنرا.
 
هێزی سووریای ئازاد کە پێشتر ناوی مەغاویر سەورە بوو، لە ساڵی 2015 دامەزرێندرا، لە ناوچەی تەنەف جێگیر کراون و لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە راهێنانیان پێکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە