رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا دەڵێت، هەڵبژاردنەکە لە یەک رۆژ و لە سەرجەم پارێزگاکان دەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کوردانەش مافی خۆبەربژێرکردنیان هەیە کە پێشتر وڵاتینامەی سووریایان لێ وەرگیرابووەوە.
محەممەد وەلی، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا وردەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی وڵاتەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە یەک رۆژ و لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی سووریا بەڕێوەبچێت.
لەبارەی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، محەممەد وەلی ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگاکانی حەسەکە و رەقە لەنێو پرۆگرامی ئەواندان، "ئێمە سەردانی 5 یان 6 پارێزگامان کرد. دەچینە پارێزگاکانی دیکە، هەموو پارێزگاکانی سووریا، هەموو خەڵکەکەی، کۆمەڵگە و هەموو پێکهاتەکانی بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە دەبن."
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ناوچەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەشی خستەڕوو، "رێککەوتنێک لەنێوان دەوڵەتی سووریا و هەسەدە هەیە، چارەنووسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەو ناوچانە بەندە بە پێشکەوتنە سیاسییەکانەوە. ئەم بابەتە ئێستا لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان باسی دەکرێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر نەتوانن هەڵبژاردن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەنجام بدەن، چارەسەر چی دەبێت؟ محەممەد وەلی روونیکردەوە، "سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی سیستمی کاتیی هەڵبژاردنین و رای هاووڵاتییان، چالاکڤان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان وەردەگرین، بۆئەوەی بتوانین سیستمێکی کاتی دابنێین، کە خزمەت بە هەڵبژاردنێک بکات نوێنەرایەتیی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە پەرلەمان مسۆگەر بکات."
محەممەد وەلی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ هەڵبژاردنەکە پشت بە ئاماری ساڵی 2010ی سووریا دەبەسترێت، بازنەکانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ناوچەکانی نێو پارێزگاکان و شارەکان دەبێت، نەوەک پارێزگا.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ محەممەد وەلی، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا:
رووداو: لە هەموو پارێزگاکان لە یەک رۆژدا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت یان هەر پارێزگایە رۆژێکی بۆ تەرخان دەکرێت؟
محەممەد وەلی: بڕیارە هەڵبژاردن لە یەک رۆژدا بەڕێوەبچێت.
رووداو: هەڵبژاردن لە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش دەکرێت؟
محەممەد وەلی: پارێزگاکانی حەسەکە و رەقە لە پرۆگرامی ئێمەدان. ئێمە سەردانی پێنج یان شەش پارێزگامان کردووە، لە دوێنێشەوە دەچینە پارێزگاکانی دیکە، هەموو پارێزگاکانی سووریا، هەموو خەڵکەکەی، کۆمەڵگە و هەموو پێکهاتەکانی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەبن. ئێوە دەزانن کە ئێمە لە قۆناخی راگوزەردا سیستمی هەڵبژاردنی راستەوخۆمان هەیە، لەبەر ئەوەی دۆخێک کە سووریای پێدا دەرباز دەبێت، دۆخێکی تایبەتە، پێویستە هەڵبژاردنێکی راستەوخۆ هەبێ . لە پارێزگاکان لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ کەسانی چالاک، کۆمەڵناسان، شارەزاکان، داوامان کردووە کە پەرلەمان لە دوو بەش پێکبێت؛ ئەنجوومەنی شارەزایان و ئەنجوومەنی پیران. بۆیە ئێمە لەم پرۆگرامەدا کاتێکی باشمان دیاریکردووە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین هەموو کەس ببینین، چونکە ئەمە مافی هەر کەسێکە [هەڵبژاردن] بە شێوەیەکی راستەوخۆ (یەکسەر) بکرێت.
رووداو: ئێوە سەردانی ناوچەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەن؟
محەممەد وەلی: دەزانن کە رێککەوتنێک لەنێوان دەوڵەتی سووریا و هەسەدە هەیە، لە هەفتەی داهاتوودا ئەگەر پێشکەوتنێکی سیاسی رووبدات، واتە ئەم بابەتە ئێستا لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان باسی دەکرێت. ئێمە هیوادارین، گەلی ئێمە، کۆمەڵگەی ئێمە مافی خۆیان لە نوێنەرایەتی بەدەستبهێنن و بتوانین ئەنجوومەنێکی یاسادانان پێکبهێنین کە حکومەتێک بەگوێرەی یاسا لە سووریای نوێدا پێکبنهێندرێت. حکومەتی پێشووی سووریا کە رژێمی ئەسەد دەسەڵاتدار بوو، دەوڵەت کەوتە خزمەت کەسوکاری ئەسەد، بۆیە لە قۆناخی راگوزەردا هەوڵی ئەوە دەدرێت بەرەو دەوڵەتێکی یاسایی بچین و پەرلەمانێک [پێکبهێنرێت] کە خزمەتی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییانییەوە بکات، هەروەها لە رێگەی یاساکانەوە ئازادیی هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر بکرێت.
رووداو: ئەگەر نەتوانن بچنە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یان هەڵبژاردن لەوێ بەڕێوەنەچێت، چارەسەری جێگرەوە بۆ مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتیی ئەوان لەو پەرلەمانەدا چی دەبێت؟
محەممەد وەلی: لە رۆژانی رابردوودا چووینە پارێزگاکان و لە رۆژانی داهاتووشدا سەردانی ئەو پارێزگایانە دەکەین کە ماون. سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی سیستمی کاتیی هەڵبژاردنین و رای هاووڵاتییانی سووریا، کەسانی چالاک، سیاسەتڤان و کەسانی ئەکادیمیی کۆمەڵگە وەردەگرین و گفتوگۆیان لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین سیستمێکی کاتی دابنێین کە خزمەت بە هەڵبژاردنێک بکات کە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە لە پەرلەمان مسۆگەر بکات. داوامان کردووە ئەو شتانەی گرێدراوی بابەتی سیاسین بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆماری سووریا راوێژیان لەسەر بکرێت. خەڵک و هاووڵاتیی ئێمە لە هەموو پارێزگاکان مافی خۆیانە کە ئەوەیان بۆ مسۆگەر بکرێت کەسانی شارەزا یان ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بەربژێر بکەن و تێکەڵ بەو میکانیزمە بن کە ئێمە ئامادەی دەکەین، بۆ ئەوەی [بەربژێران] ببنە ئەندامی لیژنە یان ببنە بەربژێری دەستەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەک، بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2010. لە هەر شارێک، یان هەر ناوچەیەک، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی کە دادەنرێن، [بەربژێران] دەستنیشان بکرێن، بۆ ئەوەی مسۆگەر بکرێت نوێنەرایەتیی هەموو کەسێک دەکەن، چونکە ئەو سیستمەی [هەڵبژاردن] کە دادەنرێت، پەیوەندیی بە بازنەی شارەکانەوە هەیە.
رووداو: واتە شار بە شار نەوەک پارێزگا بە پارێزگا؟
محەممەد وەلی: لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەک چەند ناوچە هەن و هەر ناوچەیەک چەند ئەندامی دەبێت بۆ پەرلەمان.
رووداو: سەرژمێریی ساڵی 2010 بەر لە شەڕی نێوخۆیی سووریا بووە و گەلێک گۆڕانکاری بەسەر ژمارەی دانیشتوواندا هاتووە. خەڵکێکی زۆر بووەتە ئاوارە و پەنابەر و ئەوانیش مافیان دەبێت دەنگ بدەن؟
محەممەد وەلی: لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە قۆناخی راگوزەرداین، هەشت ملیۆن سووریایی پەنابەر بوون و لە دەرەوەی وڵاتن، لە خاکی خۆیاندا نین، بەڵکو لە وڵاتانی دەوروبەرن و بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بۆیە ئەم سیستمە راستەوخۆیە هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی بە دروستی و بە شەفافی ئەنجوومەنێک پێکبهێندرێت کە نوێنەرایەتیی گەلی سووریا بکات. واتە ئامانجی سەرەکیی لەو ئەنجوومەنە ئەوە دەبێت کە ئەو یاسایانەی دژی هاووڵاتییان بوون، لابدرێن و ئەرکی ئەنجوومەنەکەیە هەندێک یاسا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و بەهێزبوونی سووریا مسۆگەر بکات. بۆیە ئێمە داوامان کردووە کە پەرلەمان لە دوو بەش یان گرووپ پێکبێت. بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆکایەتیی سووریا ژمارە 66، دەبێت 70٪ـی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە شارەزایانی کۆمەڵگە بن و 30٪ـیش لە ئەنجوومەنی پیرانی کۆمەڵگە پێکبێن.
رووداو: مەرجەکان بۆ بەربژرێربوونی کەسێک چین؟
محەممەد وەلی: وەک دەستپێک هەندێک مەرج هەن کە ئێمە دیاریمان کردوون. یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە دەبێت ئەو کەسە هاووڵاتیی سووریا بێت، تەمەنی سەرووی 25 ساڵ بێت، پێویستە سزای ئەمنی یان سیاسی لەسەر نەبێت، چونکە زۆر کەس هەن کە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، لە بواری ئەمنی یان سیاسی سزایان بۆ دەرچووە. نابێت ئەندامی سوپای سووریا یان کارمەندی ئەمنی بن. ئەوانە بەگشتی ئەو مەرجانەن کە دەبێت لە کەسێکدا هەبن کە خۆی بەربژێر دەکات.
رووداو: دۆخی ئەو کوردانەی کە بە دەیان ساڵ لە وڵاتینامەی سووریایی بێبەش بوون و جارێکی دیکە وەریانگرتووەتەوە، لەبەرچاو دەگیرێت؟
محەممەد وەلی: ئێمە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو هاووڵاتییانەی رژێمی ئەسەد لە هاووڵاتیبوون بێبەشی کردبوون، مافی ئەوانیشە بەربژێر بن. ئەو هاووڵاتییە سووریاییانەی بەر لە مانگی ئایاری ساڵی 2011 هاووڵاتیی سووریا بوون و ئەو کوردانەی مافی هاووڵاتیبوونیان لێ وەرگیراوەتەوە، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە بەربژێر ببن. ئێمە دەزانین کە رژێمی هەڵوەشاوەی ئەسەد، لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانی ئێرانی یان گرووپە تائیفییەکان، گەلێک لە هاووڵاتییانی سووریایی دەرکرد، کە ئەمە بووە هۆی گۆڕینی دیموگرافیا، بۆیە لە لیژنەکەدا ئێمە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە کەسێک کە بەر لە ساڵی 2011 هاووڵاتیی سووریا بوو، مافی هەیە کە خۆی بەربژێر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ