ئەیلوولی ئەم ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی دوای رووخانی ئەسەد لە سووریا دەکرێت

28-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، لە سووریا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت، کە ئەوە دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی وڵاتەکە لەو کاتەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوو لە کانوونی یەکەمی پار رووخێندرا.
 
محەممەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل، بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا (سانا)ی راگەیاند، هەڵبژاردن لەنێوان 15 بۆ 20ی ئەیلوول دەکرێت.
 
لە کۆی 210 کورسیی پەرلەمان، سێیەکیان لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەرەوە دادەنرێن و ئەوانی دیکەش بە دەنگدان دەبن.
 
لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەدا لەگەڵ میدیای نێوخۆیی، ئەندامێکی دیکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەناوی حەسەن دەغیم گوتی، لە هەر پارێزگایەکی سووریادا "کۆمەڵەیەکی هەڵبژاردن" پێکدەهێندرێت بۆ دەنگدان بە کورسییە هەڵبژێردراوەکان.
 
دەستوورێکی کاتی کە لە مانگی ئادار لەلایەن شەرعەوە واژۆ کرا، داوای پێکهێنانی "لیژنەی گەل" دەکات بۆئەوەی وەکو پەرلەمانێکی کاتی کار بکات، تاوەکو دەستوورێکی هەمیشەیی پەسند دەکرێت و هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت، پرۆسەیەک کە رەنگە چەندین ساڵی بوێت.
 
راگەیاندنی هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدایە، ناکۆکییەکی زۆر لەسەر دەسەڵاتە نوێیەکەی دیمەشق هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا تووندوتیژیی تائیفی لە پارێزگای سوەیدا لە باشوور سەریهەڵدا. شەڕەکە بووە هۆی کوژرانی سەتان کەس و هەڕەشە لەسەر قۆناخی راگوزەری لەرزۆکی دوای جەنگی نێوخۆیی.
 
پێکدادانە تووندەکان کە دوو هەفتە لەمەوبەر سەریانهەڵدا، بەهۆی رفاندنی ئەندامانی یەکدییەوە بوو لەنێوان هۆزە چەکدارە دەشتەکییەکان و چەکدارانی دروزیدا.
 
هێزەکانی حکومەتی سووریا دەستێوەردانیان کرد، لە رووکەشدا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەڵام بە کردەوە لایەنگریی هۆزەکانیان کرد. بەگوێرەی راپۆرتەکان، هەندێک لە چەکدارانی حکومەت هاووڵاتییانی دروزییان کوشتووە و ماڵەکانیان سووتاندووە و تاڵانیان کردوون.
 
ئیسرائیل دەستێوەردانی کرد و هێرشی ئاسمانیی کردە سەر هێزەکانی حکومەت و بارەگای وەزارەتی بەرگری لە دیمەشق. ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ بەرگریکردن لە دروزەکان ئەو کارەی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە