رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووەتەوە، ئەمەش دوای تووندووتیژییەکانی باشووری سووریا دێت، کە ئیسرائیل دەستوەردانی تێدا کرد.
رۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا- کرێملن لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، پووتین "جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردن لە یەکێتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی" سووریا کردووەتەوە.
ئیسرائیل ئەم مانگە هێرشی کردە سەر دیمەشق و پارێزگای سوەیدا، وەکو پشتیوانییەک بۆ دروزەکانی شارەکە لە بەرامبەر هێرشی هێزە ئەمنییەکان و عەرەبە دەشتەکییەکان بۆ سەریان.
لە راگەیێندراوەکەی کرێملندا هاتووە، پووتین تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە سەقامگیریی سیاسی لە سووریا دەبێت لە رێگەی رێزگرتن لە "بەرژەوەندییەکانی هەموو پێکهاتە نەوەتەوەییەکان و ئایینییەکان"ـەوە بێت.
سەرۆکی رووسیا، پێشنیازی ئەوەیشی بۆ نەتەنیاهوو کردووە کە دەتوانێت لە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێراندا نێوەندگیری بکات.
رووسیا، هاوپەیمانێکی نزیکی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بوو، ئەسەد دوای لادانی لە دەسەڵات چووە رووسیا و رووسیاش هێشتا دوو بنکەی سەربازیی لە سووریا هەیە.
رووسیا هەروەها لە ئێرانەوە نزیکە و دوای جەنگی ئۆکراینا، پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەهێزتر کردووە.
بەڵام مۆسکۆ لە هەمان کاتدا هەوڵی پەیوەندیی باش لەگەڵ ئیسرائیل دەدات، کە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی لەدایکبووی رووسیای لێ نیشتەجێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ