رووداو دیجیتاڵ
پێکدادانی نێوان گرووپە چەکدارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە و پەیامنێری رووداو لە دیمەشق دەڵێت، "نزیکەی 20 کەس کوژراون لەنێویاندا ئەندامانی ئاسایشی گشتی هەن."
دڵخواز محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشق ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسان رایگەیاند، "لە دوێنێوە پێکدادانەکان لە گەڕەکی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق بەردەوامن، سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی نزیکەی 20 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئەو گرووپانە دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانا و گرووپە درووزەکانی ئەو ناوچەیە."
پەیامنێری رووداو لە دیمەشق روونیکردەوە، "پێکدادانەکان بە بەکارهێنانی چەکی سووک و مامناوەند بوون، هاوکات هاوەنبارانکردنی گەڕەکەکە بە چەندین گوللـە هاوەن بووەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی سڤیل."
باسی لەوەش کرد، "دەروازەکانی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی گەڕەکەکە داخراون و قەدەخەی هاتووچۆ سەپێندراوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە."
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاندووە، "ناوچەی جەرەمانا پێکدادانی پچڕپچڕی بەخۆیەوە بینیوە لەنێوان گرووپە چەکدارەکان، لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچەکە، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس، لەنێویاندا ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش هەن."
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، یەکەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی بە پشتیوانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری چوونەتە ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان، گەمارۆیەکی ئەمنی بە دەوری ناوچەکەدا سەپێندراوە بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە.
وەزارەتەکە جەختی لەسەر پەرۆشیی خۆی کردەوە، بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پێکدادانەکان و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەپێی یاسا، دووپاتیشیکردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی خاوەنی ئەو تۆمارە دەنگییەی سووکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دەکات، کە دراوەتە پاڵ کەسێکی درووز، ئەمەش بووەتە هۆی گرژی ئەمنی لە دیمەشق و دەوروبەری و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچەیەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن."
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو، "پێکدادانی تووند لە جەرەمانا روویداوە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتاوەتە سەر گەڕەکەکانی شارەکە، لەسەر بنەمای گرژییەک کە هۆکارەکەی بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی بوو و درابووە پاڵ هاوڵاتییەکی درووز و سوکایەتی ئایینی تێدابوو."
دەستەی رۆحیی تایفەی موسڵمانانی یەکتاپەرستی درووز لە جەرەمانا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئێمە لە کاتێکدا بە تووندترین شێوە هەر دەستدرێژی و سووکایەتییەک بۆ سەر پێغەمبەری بەڕێز سەرکۆنە دەکەین، پێمان وایە ئەو تۆمارە دەنگییەی لەم بارەیەوە هەڵبەستراوە، کاری فیتنە و چاندنی دووبەرەکییە لەنێوان رۆڵەکانی یەک نیشتماندا."
دەستەکە راشیگەیاند، "هێرشە چەکدارییە بێ پاساوەکەی سەر شاری جەرەمانا سەرکۆنە دەکەین، کە تێیدا جۆرەها چەک بەکارهێنرا و هاووڵاتیانی بێتاوانی کردە ئامانج."
دەستەی رۆحیی تایفەی موسڵمانانی یەکتاپەرستی درووزی جەرەمانا پێی وایە، "پاراستنی گیان و کەرامەت و موڵک و ماڵی هاووڵاتیان لە سادەترین بەرپرسیارێتییەکانی دەوڵەت و دەزگا ئەمنییەکانە و دەسەڵاتداران تەواوی بەرپرسیارن لەوەی روویداوە."
زۆرینەی دانیشتووانی شارۆچکەی جەرەمانا، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق، درووز و مەسیحین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ