سووریا

دیمەنێکی دیمەشق دوای پێکدادانی نێوان دروزەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە گوندەواری دیمەشق پێکدادان لەنێوان گرووپێکی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سووریا و گرووپێکی دروزەکان روویدا، هەردوولا رێککەوتن کە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی رووداوەکە.
رۆژی سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، رەبیع مونزیر، ئەندامی گرووپی هاوئاهەنگیی مەدەنی لە جەرەمانا رایگەیاند، "لە دوای ئەو پێکدادانەی کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و حەوت چەکداری درووز، رێککەوتنێک کراوە."
بەگوتەی رەبیع مونزیر، لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە هێرشەکە، دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و رووبەڕووی دادگە بکرێنەوە."
دەشڵێت، رێککەوتنەکە، "رێوشوێنەکانی کۆتاییهێنان بە هاندانی تائیفی و دابەشبوونی ناوچەیی" دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دڵخواز محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشق رایگەیاند، "لە دوێنێوە پێکدادانەکان لە گەڕەکی جەرەمانا لە گوندەواری دیمەشق بەردەوامن، سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی نزیکەی 20 کەس لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و ئەو گرووپانە دەکەن، کە هێرشیان کردووەتە سەر جەرەمانا و گرووپە درووزەکانی ئەو ناوچەیە."
پێکدادانەکە دوای ئەوە دروست بوو کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان تۆمارێکی دەنگی کەسێک بڵاوکرایەوە کە بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەر ئیسلام (د.خ) دەکات و وا بڵاوکرایەوە کە کەسێکی دروز ئەو کارەی کردووە.
تۆمارە دەنگییەکە توڕەیی گرووپە چەکدارییە ئیسلامییەکانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقی لێکەوتەوە و بەوهۆیەوە پێکدادانەکە دروست بوو.
پەیامنێری رووداو لە دیمەشق روونیکردەوە، "پێکدادانەکان بە بەکارهێنانی چەکی سووک و مامناوەند بوون، هاوکات هاوەنبارانکردنی گەڕەکەکە بە چەندین گوللـە هاوەن بووەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی سڤیل."
باسی لەوەش کرد، "دەروازەکانی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی گەڕەکەکە داخراون و قەدەخەی هاتووچۆ سەپێندراوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە."
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە، یەکەکانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی بە پشتیوانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری چوونەتە ناوچەکە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان، گەمارۆیەکی ئەمنی بە دەوری ناوچەکەدا سەپێندراوە بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە.
زۆرینەی دانیشتووانی شارۆچکەی جەرەمانا، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی دیمەشق، درووز و مەسیحین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ