رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سووریا، ئەمڕۆ گەیشتە دیمەشقی پایتەخت، ئەمەش وەکو هەنگاوێکی نوێی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، تۆماس باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، کە لە هەمان کاتدا باڵیۆزی تورکیاشە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسعەد شەیبانی، شوێنی نیشتەجێبوونی نێردەی ئەمریکای لە پایتەختی سووریا کردەوە.
لەدوای گەیشتنی باراک بۆ دیمەشق و لە رێوشوێنێکی ئەمنیی توونددا، سەردانی شوێنی مانەوەی کرد و ئاڵای ئەمریکای لە ماڵەکە هەڵکرد کە تەنیا چەند سەت مەترێک لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق دوورە.
تۆما باراک دواتر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و پێشنیازی "رێککەوتنێکی پەلامارنەدانی یەکتریی" لەنێوان سووریا و ئیسرائیل دەکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند مانگی رابردوودا، دەستیکردووە بە دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا و کۆتاییان بە زیاتر لە دەیەیەک لە بەستەڵەکی دیپلۆماسی هێناوە.
پێش سەردانەکەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال تروس، نووسی "تۆم، لەوە تێدەگات دەرفەتی گەورە هەیە لە کارکردن لەگەڵ سووریا بۆ راگرتنی تووندڕۆیی، باشترکردنی پەیوەندییەکان و دابینکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لەشوباتی 2011، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا داخرا.
تۆماس باراک لە 24ـی ئایار لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای کۆبوونەوەی 14ـی ئەم مانگەی ریازی پایتەختی سعودیەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شەرع هات.
دوایین باڵیۆزی ئەمریکا لە سوریا، رۆبێرت فۆرد، لە ساڵی 2011 دا وەک کەسێکی نەخوازراو ناسێنرا دوای ئەوەی بە پێچەوانەی حکومەتی سووریاوە سەردانی حەمای کرد، کاتێک لەژێر گەمارۆی سوپادا بوو و شوێنی خۆپیشاندانی گەورەی دژە رژێمی ئەسەد بوو.
لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی باربارا لیف، نوێنەری پێشووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وەزارەتی دەرەوە، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێ لە دیمەشق ئەنجامدا.
باراک سەرمایەدار و وەبەرهێنەرێکی ئەمریکایە و چەندین ساڵە هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپە و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن پارەیەکی زۆری بۆ کۆکردەوە.
لە ساڵی 2016، باراک راوێژکاری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ بوو، دواتر وەک سەرۆکی لیژنەی سوێندخواردنی ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا دەستبەکاربوو.
تۆم باراک لە کانوونی یەکەمی 2024 وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەستنیشانکرا. داپیر و باپیری باراک بە رەچەڵەک خەڵکی لوبنانن و لەوێوە بۆ ئەمریکا کۆچیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ