قوبرس پارە دەداتە ئەو سووریانەی دەگەڕێنەوە

29-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری کۆچی قوبرس رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە سووریاییانە رادەگەیێنێت کە واز لە داواکارییەکانی پەنابەرییان دەهێنن، رێگەش بە ئەندامێکی پێگەیشتووی خێزانەکە دەدرێت لە دوورگەکە بمێنێتەوە و کار بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-05-2025 نیکۆلاس یۆئانیدیس، وەزیری کۆچی قوبرس رایگەیاند، هاندانە داراییەکان، کە لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات، بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئەو خێزانانە دەبێت بۆ سووریا کە داوای پەنابەرییان کردووە یان ئەوانەی پاراستنی نێودەوڵەتییان هەیە.
 
یۆئانیدیس بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پلانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. قوبرس کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە، یەکێکە لە گەورەترین وەرگرانی کۆچبەرانی سووریایی بەپێی ژمارەی دانیشتووان.
 
یۆئانیدیس ئاماژەی بەوەکرد، دوای لابردنی بەشار ئەسەد لە مانگی 12، سووریا "بە قۆناخێکی گواستنەوەی هەستیاردا تێدەپەڕێت."
 
گوتیشی: "سەرکەوتنی ئاوەدانکردنەوە پشت بە ئیرادەی سیاسی، هاوکاریی نێودەوڵەتی و لە هەمووی گرنگتر، بەشداری کارای خودی گەلی سووریا دەبەستێت."
 
بەرپرسانی قوبرس دەڵێن، 2,500 سووریایی داواکاریی پەنابەرییان کشاندووەتەوە یان وازیان لە "باری پاراستنیان" هێناوە، هەروەها نزیکەی 2,400 کەس گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
 
پلانی گەڕاندنەوەکە رێگە بە یەک کەس لە هەر خێزانێک یان دوو هاوژین دەدات مۆڵەتێکی تایبەتی نیشتەجێبوون و کارکردن وەربگرێت کە بۆ ماوەی دوو ساڵ کاری پێدەکرێت.
 
ئەندامانی خێزان کە دەگەڕێنەوە 2,000 یۆرۆ (2,270 دۆلار) بۆ هاوژین و 1,000 یۆرۆ بۆ هەر منداڵێک وەردەگرن. پلانەکە لە 2ـی حوزەیران تاوەکو 31ـی ئاب جێبەجێ دەکرێت.
 
قوبرس مافی پەنابەری بە هەزاران هاووڵاتیی سووریایی بەخشیوە کە لە شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە هەڵاتوون کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد.
 
دوورگەکەی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست کەمتر لە 200 کیلۆمەتر (125 میل) لە کەناراوەکانی سووریا و لوبنانەوە دوورە، ماوەیەکی درێژیش رێڕەوێک بووە بۆ ئەو پەنابەرانەی بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕان لە ئەورووپا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە