سووریا
تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ سووریا [ئەوەی پەتی ئاڵاکەی بەدەستەوە گرتووە]، لە دیمەشق ئاڵای ئەمریکای هەڵکرد. هەروەها ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا [یەکەم کەسی لای چەپ] ئامادەیە.
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە ئاڵای ئەمریکا لە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵیۆزی ئەمریکا لە دیمەشق هەڵکرا، کە ماوەیەکی زۆر بوو داخرابوو، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ پێشكەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و حکومەتە نوێیەکەی سووریا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) رایگەیاند، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، کە هەروەها وەک نێردەی تایبەتیش بۆ کاروباری سووریا دەستنیشانکراوە، لە کردنەوەی شوێنەکەدا ئامادە بووە.
دیپلۆماتە ئەمریکییەکە چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا کەوت و ئامادەی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نێوان دیمەشق و کۆمەڵە کۆمپانیایەکی قەتەری، تورکی و ئەمریکی بوو بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەیەکی وزەی پێنج هەزار مێگاواتی بۆ بووژاندنەوەی تۆڕی کارەبای سووریا کە بەشێکی زۆری بەهۆی جەنگەوە وێران بووە.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی رۆژی پێنجشەممە واژۆکرا، کۆمەڵە کۆمپانیاکە بە سەرۆکایەتیی کۆمپانیای UCCی قەتەری، شانبەشانی پاوەر ئینتەرناشناڵ یو ئێس ئەیی ئەمریکی و کاڵیۆن جی ئی ئێس ئێنێرجی یاتریملاری و جەنگیز ئێنێرجیی تورکی، چوار تۆرباینی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دادەنێن بە توانای بەرهەمهێنانی گشتیی نزیکەی چوار هەزار مێگاوات، هەروەها وێستگەیەکی وزەی خۆری هەزار مێگاواتی دروست دەکەن.
کۆمپانیای UCC لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە "هەر کە تەواوبوون، چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژانە زیاتر لە 50%ی پێویستیی کارەبای وڵاتەکە دابین بکەن."
واشنتن بە فەرمی باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق نەکردووەتەوە، کە لە ساڵی 2012 دوای خۆپیشاندانی دژی حکومەتی ئەوکاتی بەشار ئەسەد داخرا، کە بە سەرکوتێکی دڕندانە وەڵامدرایەوە و بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆ. ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 لە هێرشێکی خێرای گرووپە چەکدارەکان رووخێنرا.
بەڵام سەردانەکەی باراک و هەڵکردنی ئاڵاکە ئاماژەیەکی گرنگی گەرمبوونەوەی پەیوەندییەکانە.
واشنتن لە سەرەتادا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی سووریادا دەکرد، کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی پێشووی گرووپێکی یاخیبووی ئیسلامی کە ئەمریکا هێشتا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی دەکات، سەرکردایەتییان دەکات. بەڵام، ئیدارەی ترەمپ، بە هاندانی دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سعودیە و تورکیا، لە هەفتەکانی رابردوودا کراوەیی زیاتری بەرامبەر دیمەشق نیشانداوە.
ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراوی لەگەڵ شەرع لە ریاز کرد و ئەمریکا دەستی کرد بە کەمکردنەوەی ئەو سزایانەی کە دەیان ساڵە لە سەردەمی بنەماڵەی ئەسەددا بەسەر سووریادا سەپێنرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ