رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایدەگەیێنن، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی تووندووتیژییەکانی ئەم دواییانەی پارێزگەی سوەیدا کوژراون، گەیشتووەتە نزیکەی 2 هەزار کەس.
رۆژی هەینی، 29ـی ئابی 2025، سەرچاوە خۆجییەکانی سووریا رایانگەیاند، ناوی هەزار و 990 کەسیان تۆمار کردووە، کە لە تووندووتیژییەکاندا کوژراون، "لەوانەش 14 کەس لە دوای ئاگربەستەکەی 20ـی تەممووزەوە کوژراون."
بەگوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان، بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان بەهۆی دۆزینەوە و ناسینەوەی تەرمەکان بووە لە گوند و شارۆچکەکانی پارێزگەی سوەیدا.
بەشێک لەوانەی کە ئێستا مردنیان پشتراستکراوەتەوە، پێشتر وەکو رفێندراو یان بێسەروشوێنبوو راگەیێندرابوون.
تووندوتیژییەکان لە 13ی تەممووزەوە لەنێوان دروزەکان، کە کەمینەیەکی ئایینیی تایبەتن و عەرەبە دەشتەکییەکان سەریانهەڵدا. ئەم ململانێیە زۆر بە خێرایی فراوان بوو و حکومەتی ئیسلامیی سووریا، ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە راکێشرانە ناو شەڕەکەوە.
زۆربەی ئەوانەی کە کوژراون خەڵکی سوەیدان و ژمارەیان 725 کەسە و زۆرینەشیان دروزن کە 167 کەسیان هاووڵاتی سیڤیلن.
هەروەها 765 هاووڵاتی سیڤیلی دیکە کە دروزن "لەلایەن کارمەندانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆوە کوژراون."
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەشڵێن، 436 کەس کە کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە پێکدادانەکان کوژراون و ئەوەش پستراستدەکەنەوە کە 40 چەکداری دەشتەکی کوژراون، ئەوەش جگە لەوەی کە 15 کارمەندی حکومەت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
رۆژی 10-08-2025 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا تووندوتیژییەکانی سوەیدای سەرکۆنەکرد و داوای لێکوڵینەوەیەکی بەپەلەی لە رووداوەکانی ئەو پارێزگایە کرد، رۆژی 16 تەمووزی 2025 حکومەتی سووریا رایگەیاند، ئەوان لیژنەیەکیان بۆ لێکوڵینەوە لە رووداوەکانی سوەیدا پێکهێناوە، بەڵام تائێستا ئەنجامی لێکوڵینەوەکان ئاشکرا نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ