هەسەدە ناوی ژمارەیەک فەرماندەی خۆی بۆ چوونە نێو سوپا رادەستی دیمەشق دەکات

29-10-2025
نووشین حەمێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە لیستێک ناوی ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی رادەستی حکومەتی دیمەشق کردووە، بۆ ئەوەی تێکەڵی سوپای سووریا بکرێن.

رۆژی چوارشەممە، 29-10-2025، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لەم دواییانەدا هەسەدە لیستێکی ناوی ئەو سەرکردانەی کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا شەڕی داعشیان کردووە، رادەستی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە سوپای سووریا ببن."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لیستەکە ناوی 70 فەرماندەی هێزەکانی سووریای تێدایە و چاوەڕێی وەڵامی دیمەشق دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو فەرماندانە ببنە بەشێک لە ‌‌هێزەکانی سوپای سووریا.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی نۆرس پرێس، کە نزیکە لە هەدەسە، لیستەکە ناوی فەرماندەی ئەو سێ فیرقە سەربازییە لەخۆدەگرێت کە لە چوارچێوەی سوپای سووریادا یەکدەگرن: فیرقەیەک لە جەزیرەی سووریا، یەکێکی دیکە لە ناوچەی "فورات" و سێیەمیش لە دێرەزوور.
 
یەکێک لە لیواکان کاری سەرەکیی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دەبێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری خاکی سووریادا کار دەکات.
 
ئەم هەنگاوەی هەسەدە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی 10 ئاداری ئەمساڵە، کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا لە دیمەشق واژۆکرا، بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا ببێت.
 
رۆژی 10-10-2025 لە ساڵیادی دەمەزراندنی هەسەدەدا، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، هەسەدە "بەشێکی بەهێزی ئەو سوپایەی سووریا پێکدەهێنێت کە لە قۆناخی دامەزراندندایە" و "یەکەکانی دژەتیرۆری هەسەدە شانبەشانی یەکەکانی دیکەی سوپای سووریا، لەسەر ئاستی نیشتمانی و لە تەواوی خاکی سووریادا، بەردەوام دەبن لە کاری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
 
رۆژی 13ـی ئەم مانگە شاندێکی سەربازیی هەسەدە گەیشتە دیمەشق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەکگرتن لە چوارچێوەی سوپای سووریادا. سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە و لیژنەی سەربازی بۆ گفتوگۆی یەکگرتن لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا، رایگەیاند، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی زارەکی، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێکی واژۆکراو لە نێوانیاندا نەکراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە