رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سووریا، راگەیاندنی رێککەوتنی گشتگیری نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی و قووڵ" وەسف دەکات. باراک جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە گەشتی سووریا بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکڕیزی خێرا دەکات.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە و پاراستنی کەرامەتی هەموو پێکهاتەکان بونیاد نراوە. باراک دەڵێت: "بۆ حکومەتی سووریا، ئەمە نیشاندەری دڵسۆزییە بۆ هاوبەشیی راستەقینە، چونکە رێگە دەدات نوێنەرانی هەسەدە لە ئاستی باڵای دامەزراوە یەکگرتووەکانی دەوڵەتدا بەشدار بن." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 13ی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ گێڕانەوەی مافی هاووڵاتیبوون و ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی، هەنگاوێکی گۆڕانکارییە بەرەو یەکسانی.
"سوپاس بۆ ئەمریکا و فەرەنسا"
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، سوپاسی هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسا دەکات. ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناوەندی شارەکان پرۆسەیەکی "بەرپرسیارانە و قۆناخ بە قۆناخە" و ئامانجی زامنکردنی گەڕانەوەی بەکەرامەتی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانییە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کە رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، هەسەدە و دیمەشق لەسەر راگرتنی شەڕ و کشانەوە لە هێڵەکانی بەریەککەوتن رێککەوتوون. بڕیاردراوە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە بێت، لەگەڵ لیوایەکی تایبەت بە کۆبانی لە ناو سوپای سووریا لە پارێزگای حەلەب.
لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی جێگیر دەکرێن. لەبارەی ئەم پێشهاتانەوە، تۆم باراک ئاماژەی بەوە داوە، "رێگا خۆش دەکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی متمانە و راکێشانی وەبەرهێنان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا، تاوەکو وەک چرایەکی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەربکەوێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ