تەقینەوەیەک لە شارۆچکەی عەزازی سووریا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

31-03-2024
حوسێن حاج
حوسێن حاج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی تەقینەوەیەک لەنێو بازاڕێکی میللیی شارۆچکەی عەزاز لە سووریا، ژمارەیەک کەس کوژران و بریندار بوون.
 
میدیاکانی سووریا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە) بڵاویان کردەوە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری عەزاز لە سنووری حەلەب تەقییەوە، لەئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون.
 
تەقینەوەکە بە گوتەی حوسێن حاج، بەڕێوەبەری ناوەندی بەرگریی سڤیل لە عەزاز بۆ رووداو "بووەتە کوژرانی سێ کەس و ژمارەیەکیش بریندار بوون."
 
سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن ئەوەی تەقیوەتەوە، ئۆتۆمبێلێکی بۆمڕێژکراو بووە، هەشت کەس بەهۆیەوە کوژراون و بەلایەنی کەمەوە 23ـی دیکەش بریندار بوون، بەڵام بەگوتەی حوسێن حاج، هێشتا ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە.
 
شارۆچکەی عەزاز دەکەوێتە سنووری دەسەڵاتی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتییان دەکرێت.
 
تەقینەوەکە وەک لەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، دەردەکەوێت؛ جگە لە زیانی گیانی، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنەکە، هەروەها زیانی ماددی زۆری گەیاندووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە