رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت، هاووڵاتییانی سووریا لە دۆخێکی خراپی مرۆییدان؛ دەشڵێت، 90٪ـی هاووڵاتییانی سووریا لەژێر هێڵی هەژاریدان و ملیۆنان هاووڵاتی دیکەش بێبەش دەبن لە هاوکارییە مرۆییەکان.
رۆژی پێنجشەممە 29ـی حوزەیرانی 2023، مارتن گریفیتس، بەرپرسی کاروباری مرۆیی و رێکخەری فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند، دۆخی مرۆیی سووریا پێویستی بە 5.4 ملیار دۆلار هەیە و لەو بڕەش تەنیا 12٪ـی ئەو پارەیە کۆکراوەتەوە.
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەوەی کە تەممووزی ئەمساڵ 40٪ـی ئەو هاوکارییە مرۆییەی کە بۆ هاووڵاتییانی سووریا دابیندەکرێت، کەمدەبێتەوە.
گریفیتس گوتی: "سووریاییەکان رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی زۆری مرۆیی بوونەتەوە. ئەوان ئەو کاتە رووبەڕووی سەختی دەبنەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان توانای یارمەتیدانی سنوورداربێت."
دوای بوومەلەرزەکەی 6ـی شووباتی ئەمساڵ، یارمەتییە مرۆییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سووریا زیادیکرد. بانکی جیهانی مەزەندە دەکات، بوومەلەرزەکە 5 ملیار دۆلار زیانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دابێت، کە ماڵ و نەخۆشخانەکانی رووخاندن و ژێرخانی ئاو و کارەبای ناوچەکەی زیاتر پەکخست.
لە 15-6-2023، کۆنفڕانسی کۆکردنەوەی یارمەتیی مرۆیی بۆ سووریا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەسترا و تێیدا داوای کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ سووریا کرا.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسەکەی برۆکسل گوتی: "داواکارییەکەم سادەیە هاوکاریمان بکەن یارمەتیی سووریا بدەین. ئێمە داوای 11.1 ملیار دۆلار دەکەین، گەورەترین داواکاریمانە لەسەر ئاستی جیهان. هیچ کاتمان نییە بەفیڕۆی بدەین."
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام ئاماژەیان بەوە کردووە، یارمەتییە داراییەکان بۆ سووریا وەکو پێویست نین و هۆشدارییان داوە لەوەی ئەوە کاریگەری لەسەر دۆخی مرۆیی وڵاتەکە دەبێت.
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە؛ قەیرانەکە بووەتە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی ملیۆنان کەسی دیکە، بەگوێرەی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، پێنج ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیی سووریایی پەنابەر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ