رووداو-هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی "تایبەتی" لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لە دیمەشق کراوە و بە "هاوکاری و هاوئاهەنگیی تەواو" بووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سووریا.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر "زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار حەبی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆندا گیرا، کە یەکسانە بە نزیکەی 215 کیلۆگرام." هەروەها دەشڵێت، "یەکێک لە مەترسیدارترین تۆڕە تاوانکارییەکان کە لە بواری بازرگانیی نێودەوڵەتیی ماددە هۆشبەرەکاندا چالاک بوون لەنێوبران."
وەزارەتی ناوخۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی دیار و گرنگە، لە چوارچێوەی کاری هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە سنووربەزێنەکان و رەنگدانەوەی پەرۆشیی دەوڵەتی عێراقە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە لە بەڵای ماددە هۆشبەرەکان."
دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە تێیدا بڕێکی زۆر حەبی کەپتاگۆنی کۆگاکراو دەرکەوتن، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ئەو حەبانە لە یەکێک لە کۆشکەکانی ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد بووە و لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و دواتر لەنێوبراون.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی تۆڕی چاودێری سیاسی و ئابووری، پێش رووخانی حکومەتی سووریا ساڵانە رژێمی ئەسەد دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی کەپتاگۆن دەستدەکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ