رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا باس لەوە دەکەن، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانی گەیشتوونەتە نێوەڕاستی شاری حەلەب.
رۆژی شەممە، 30ی تشرینی دووەمی 2024 سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، پێشڕەوی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بەردەوامە و زیاتر لە نیوەی حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین گرتە ڤیدیۆیی گرووپە چەکدارەکان بڵاوکراوەتەوە کە دەریدەخات لەنێو شاری حەلەبن. دەستەی تەحریری شامیش شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا لە تەلەگرام باسی لەوە کرد، "هێزەکانمان دەستییان بە چوونە نێو حەلەب کردووە".
هێزی پشتیوانی گەیشتووەتە نێو حەلەب بۆ پاڵپشتیکردنی لە سوپای سووریا.
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە پێکدادانی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون گەیشتووەتە سەروو 270 کەس. لەو ژمارەیە 28 کەسیان سڤیلن.
هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە دوێنێوە فڕۆکەکانی سووریا و رووسیا 23 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان.
هەروەها سوپای رووسیا شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانیان نزیکەی 200 لەو چەکدارانەیان کوشتوون کە دژی حکومەتی سووریای هاوپەیمانی مۆسکۆ شەڕ دەکەن.
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە گوتی، "هێزی ئاسمانی رووسیا ئەو شوێنانە بۆردوومان دەکات کە کۆگە و پێگەی تیرۆریستانی لێیە."
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیکردنی مرۆیی دەڵێت، پێکدادانەکانی حەلەب بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 14 هەزار کەس ئاوارە بن".
لە رۆژی پێنجشەممەیشەوە چەکدارەکان رێگەی نێوان حەلەب و دیمەشقی پایتەختییان داخستووە.
هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی سووریا
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملن) لەبارەی ئەو دۆخەی لە حەلەب دەگوزەرێت گوتی، "پێشێلکردنی سەروەری سووریایە."
گوتەبێژی کرێملن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان پاڵپشتی لە حکومەتی سووریا دەکەن "بۆ ئەوەی بەخێرایی ئاسایش بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە."
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پەیوەندییەکانی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا پاڵپشتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ دیمەشق دووپاتکردەوە و بەڵێنیدا کە هاوکارییەکانیان بۆ "حکومەت، گەل و سوپای سووریا" بەردەوام بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ