رووداو دیجیتاڵ
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، ئەمریکا لە هەوڵدایە لە دیوی رۆژئاوای رووباری فورات لە سووریا دژی هێزەکانی نزیک لە ئێران دەست بە جەنگێک بکات.
رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەیەک بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە دێرەزوور لە سووریا لەبارەی هێزە ئێرانییەکان لە ناوچەی دێرەزوور کراوە، بە دیاریکراوی لە ئەلبوکەمالەوە تاوەکو دێرەزوور."
رامی عەبدولرەحمان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 23:00ی رۆژی هەینیی تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە جەعفەر موبەشیریان پێشكێشی کرد، گوتی: "رەنگە دەستپێکردنی جەنگێکی نوێ لە رۆژئاوای فورات لە سووریا ببینین و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش تێیدا بەشداربن بۆ ئەوەی کۆتایی بە هەبوونی هێزەکانی ئێران لە دێرزوور بهێنرێت".
سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی "هەندێ فڕۆکەی نەناسراو میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان لە دەوروبەری ئەلبوکەمال بۆردوومانکردووە".
ئەوە لە کاتێکدایە لە رۆژی چوارشەممەوە گرووپە چەکدارەکانی دژی بەشار ئەسەد دەستیان بە هێرشێک بۆ سەر شاری حەلەب کردووە و گەیشتوونەتە نێوەڕاستی دووەم گەورەترین شاری سووریا.
بە گوتەی رامی عەبدولرەحمان، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، تاوەکو ئێستا 65 گوند و شارۆچکە و ژمارەیەک گەڕەکی شاری حەلەبیان لە دەستی هێزەکانی سووپای سووریا دەرهێناوە.
رامی عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوە کرد، لە سێ رۆژی سەرەتای شەڕەکەدا نزیکەی 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
بە گوتەی سەرۆکی دەزگا سڤیلەکە، هێزەکانی دەستەی تەحریری شام پێشڕەوی دەکەن، بەڵام هێزەکانی حکومەتی سووریا لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی شارەکە ماون.
رامی عەبدولرەحمان باسی لەوە کرد، هێزەکانی دەستەی تەحریری شام نایانەوێت پێشڕەوی بەرەو شێخ مەقسوود و گەڕەکە کوردنشینەکانی دیکەی باکووری حەلەب بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ