رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا رۆژی شەممە سەردانی شاری حەلەبی لە باکووری سووریا کرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو هێرشە خێرایەی کە بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار.
هاوپەیمانییەکی گرووپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتیی شەرع، لە 29ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو چووە نێو حەلەب و بە خێرایی دووەم گەورەترین شاری سووریای کۆنترۆڵ کرد.
شەرع لەبەردەم قەڵای بەنێوبانگی شارەکە بە سەدان ئامادەبووی راگەیاند، "حەلەب لەدایکبووەوە، بە لەدایکبوونەوەی حەلەبیش، هەموو سووریا لەدایکبووەوە. لە ساتێکی وەهادا، مێژوویەکی نوێ بۆ هەموو سووریا نووسرایەوە، لە رێگەی حەلەب و قەڵا سەربەرزەکەیەوە."
کەمێک دواتر، شەرع لەسەر تاوەری قەڵاکە و لەنزیک ئاڵایەکی گەورەی سووریا دەرکەوت.
حەلەب یەکێک بوو لەو شوێنانەی کە لە ساڵی 2011 سەرەتای خۆپیشاندانەکانی دژی ئەسەدی تێدا دەرکەوت، کە دواتر گۆڕا بۆ شەڕی نێوخۆ.
بۆ ماوەی چوار ساڵ شارەکە دابەش بووبوو. بەشێکی لە رۆژئاوا لەژێر دەستی هێزەکانی حکومەتدا بوو کە زۆربەی دانیشتووانی لێبوو، ناوچەیەکی بچووکی رۆژهەڵاتیش بەدەست بەرهەڵستکارانەوە بوو.
حکومەتی ئەسەد تۆمەتبار دەکرا بە خستنەخوارەوەی بەرمیلە بۆمب لە رێگەی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەکانەوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی بەرهەڵستکاران، لە کاتێکدا چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن مووشەکیان ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت دەکرد.
رووسیا وەک هاوپەیمانێک لە ئەیلوولی 2015 بە هانای ئەسەدەوە چوو و یارمەتی هێزەکانی حکومەتی دا بۆ گەمارۆدانی ناوچەی گرووپە چەکدارە دژبەرەکانی ئەسەد لە رێگەی بڕینی دوا رێگەی گەیاندنی کۆمەک بۆیان.
هێزەکانی ئەسەد لە 22ی کانوونی یەکەمی 2016 کۆنترۆڵی تەواوی شارەکەیان کردەوە، کاتێک کۆتا کاروانی گرووپە چەکدارەکان و خەڵکی سڤیل حەلەبی رۆژهەڵاتیان جێهێشت.
هێزەکانی شەرع لە 27ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هێرشە خێراکەیان دەستپێکرد.
ئەوان لە 8ی کانوونی یەکەم دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و ئەسەدیان رووخاند، بەمەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی زیاتر لە نیو سەدەی بنەماڵەکەی هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ