ئیسرائیل دیمەشقی بۆردوومان کرد

30-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، دوو رۆکێت لە سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بۆردوومانی سووریای کردووە. 
 
رۆژی شەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای ئەوەی راپۆرتێکمان پێگەیشت کە دەنگی چەند مووشەکێکی سارین لە باکووری ئیسرائیل بیستراوە، کەمێک لەمەوبەر دوو مووشەک لە سووریاوە ئاراستەی ناوچەیەکی چۆڵەوانیی ئیسرائیل کران".
 
سوپای ئیسرائیل گوتیشی: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئەو ناوچەیەی کە مووشەکی لێوە ئاراستە کراوە لە سووریا، بۆردوومان کرد".
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە نەکردووە، چ شوێنێکی سووریای کردووەتە ئامانج، بەڵام میدیای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، کە  ناوچەیەکی دیمەشقی کردووەتە ئامانج. 
 
ئەوە دووەم جارە لە دوو رۆژی رابردوودا ئیسرائیل بۆردوومانی ناوچەکانی سووریا دەکات.
 
شەوی پێنجشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2023، سوپای سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەکی لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئاراستەی پایتەختی سووریا کردووە و چەند پێگەیەکی جیاوازی لە دیمەشق کردووەتە ئامانج، کە یەکێک لە هێرشەکانیش بۆ سەر ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی دیمەشق بووە. 
 
رۆژی 25-11-2023، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیلدا لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە شاری دیمەشق، رەزی موسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران کردە ئامانج و کوشتی.
 
لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، ئیسرائیل 73 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر 127 ئامانج لەنێوخۆی سووریا کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی 110 کەس، کە زۆربەیان سەربازی سووریایی و چەکداری گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بوون و 117ی دیکەشی بریندار کردووە. 
 
ئیسرائیل چەندین جار رایگەیاندووە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر سووریا، ئەو پێگانە دەکەنە ئامانج کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکاریدەهێنن و چەکیان تێدا هەڵگرتووە. 
 
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 ئیسرائیل چەندین هێرشی لەنێو سووریا کردووە و هێزەکانی نزیک لە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی کردووەتە ئامانج. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە