رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سووریا قەدەخەی هاتووچۆی شەوانەیان لە شاری لازقییە راگەیاند، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی تووندوتیژی.
رۆژی سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا "قەدەخەی هاتووچۆی لە تەواوی شاری لازقییە لە کاژێر 5:00ـی ئێوارەی رۆژی سێشەممە تاوەکو کاژێر 6:00ـی بەیانـی رۆژی چوارشەممە" راگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێکارەکە بن بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات، رۆژی دووشەممە ژمارەیەک کەس هێرشیان کردە سەر گەڕەکە زۆرینە عەلەوینشینەکان و زیانێکی زۆریان بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و چەندین دووکان گەیاند و ترس و دڵەڕاوکێیان لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا بڵاوکردەوە.
هێرشەکە رۆژێک دوای ئەوە هات کە لە کاتی خۆپێشاندانێکی بەرفراوانی عەلەوییەکاندا لە هەمان شار 3 کەس کوژران. خۆپیشاندانی عەلەوییەکان دوای تەقینەوەیەکی گەورە لە رۆژی هەینی شاری حومس هات کە پێکهاتەی عەلەوی کردە ئامانج.
دەسەڵاتدارانی سووریا، رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان "لە ژمارەیەک گەڕەکی شاری لازقییە بڵاوەیانپێکراوە، ئەوەش وەک بەشێک لەو رێکارانەی بۆ چاودێریکردنی دۆخی مەیدانی، بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دڵنیابوون لە سەلامەتیی هاووڵاتییان و موڵک و ماڵیان گیراونەتەبەر".
لازقییە شارێکی فرەپێکهاتەیە و دەکەوێتە ناوچە کەناراوییەکان کە بە قەڵای عەلەوییەکانی سووریا دادەنرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ