رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، بەر لە 13ی شوبات بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا رادەگەیێنێت. ئەمەش دوای ئەوەی شەش حیزبەکەی ئۆپۆزیسیۆن رایانگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتوویان لە 13ی شوبات، بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رادەگەیێنن.
دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا 14ی ئایاری ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆککۆماری راگەیاند، پارتە سیاسییەکان ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردن چڕ کردەوە.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتدا بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بۆ رای گشتی رابگەیێنن.
هەدەپە، کە ماوەیەک بەر لە ئێستا بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەربژێری دەبێت، پێشتر لە 27ی ئەیلولی2021 لەو بەڵگەنامەیەدا کە هەڵوێستی خۆی رایگەیاند، ئاماژەی بەوەدابوو، دەرگەی واڵایە بۆ دانوستاندن لەسەر بەربژێری هاوبەش لەگەڵ پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆندا.
بەرپرسانی هەدەپە ئاماژە بەوە دەدەن، دەرگە بە کراوەیی دەهێڵێنەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ "هاوپەیمانیی میللەت" لەسەر بەربژێری هاوبەش ئەگەر "بە فەرمی داواکاریمان ئاراستە بکرێت"، هەروەها باس لەوە دەکەن، دەتوانن بەربژێرەکەیان بکشێننەوە ئەگەر رێککەوتن لەسەر بەربژێری هاوبەش بکرێت.
هەدەپە لەگەڵ شەش لایەنی سۆسیالیست و چەپی تورکیا هاوپەیمانییەکی بەناوی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی پێکهێناوە. لە باکووری کوردستانیش لەگەڵ پارتە کوردستانییەکاندا کار لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کوردستانی دەکات.
شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیاش بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە کە بە مێزی شەش حیزبی ناسراوە لە 11ـیەمین کۆبوونەوەیاندا کە رۆژی پێنجشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2023 بە میوانداری مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لەسەر بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتن.
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 13ی شوبات بە میوانداری تەمەک کارامۆڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت جارێکی دیکە لە ئەنقەرە کۆببنەوە و بەربژێری هاوپەیمانییەکەیان بۆ ئەو پۆستە رابگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ