رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە چارەسەرکردنی پرسەکاندا دیدار، گفتوگۆ و سازان پێشینەی کارەکانیانن. بەڵام ئەگەر گاز لەو دەستەیان بگیرێت کە بۆ تەوقە درێژیان کردووە، مشتەکۆڵەی ئاسنینیان ئامادەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی شەممە 1-3-2025 لە یەکەمین خوانی بەربانگی مانگی رەمەزان لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان و زیانبەرکەوتووانی سەنگەر کۆبووەوە و گوتارێکی پێشکێشکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی:"چەندە ژیانی ئاشتییانە و ئارامیمان خۆشبوێت، هێندەش بێ سازشین لەو بەهایانەمان کە بە پیرۆزیان دەزانین؛ باوەڕمان کە بانگ درووشمەکەیەتی، نیشتمانمان کە دروشمەکەی ئاڵاکەمانە، دەوڵەتمان کە بەهادارترین میراتی مێژوومانە. هەروەها لە هێرش بۆ سەر و ماڵی هاووڵاتییانماندا بە هەمان شێوە سازش ناکەین."
"لەبری زمانی نەفرەت، شەڕ و پشێوی، بەردەوام دەبین لە لێبووردەیی و دیالۆگ"
بێ ئەوەی بە روونی ئاماژەی پێبدا، ئەردۆغان باسی چارەسەری پرسی کوردی کرد و گوتی:"هەڵبەتە لە چارەسەری پرسەکانماندا پێشینە بە دیدار، گفتوگۆ و سازان دەدەین. لەمەودواش لەبری زمانی نەفرەت، شەڕ و پشێوی، بەردەوام دەبین لەسەر رێزی دوولایەنە، لێبووردەیی و دیالۆگ. بەڵام لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی ئەو دەستەمان کە بۆ تەوقە رامانگرتووە، یانیش گاز لێ گرتنی، هەمیشە مشتەکۆڵەی ئاسنینمان ئامادەیە".
ئەردۆغان: تورکیایەکی بەهێز و دەست رۆیشتوو هەیە
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر ئەگەری هەرەسهێنانی پرۆسەکە کردەوە و گوتی: "لەوانەیە لە رابردوودا کاردانەوەی پێویستمان بەرامبەر کودەتاچییانی فەتۆ و تیرۆریستانی دیکە نیشان نەدابێت، بەڵام ئیدی تورکیایەکی وەها نییە. بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ تورکیایەک هەیە لە هەموو بوارەکاندا بەهێز و دەست رۆیشتووە. تورکیایەک هەیە ئەستێرەی دەدرەوشێتەوە و بووەتە هیوای ستەمدیدەکانی هەموو جیهان، نەوەک تەنیا هاووڵاتییانی".
ئەردۆغان: داهاتی تاک لە تورکیا 15 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئیدی تورکیایەکی نوێ و کاریگەر هەیە. سەبارەت بە داهاتی تاک باسی لەوە کرد، ئێستا لە وڵاتەکەیدا داهاتی نیشتمانی بۆ هەر تاکێک 15 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە.
لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە گوتی:" تورکیایەکی جیاوازتر هەیە؛ لەبری ئەوەی بکەوێتە نێو یاری، ئەو یارییە پەنهان و چەپەڵانە تێکدەدات کە لە دژی دەکرێن. لە وڵاتێکەوە کە تەنانەت نەیدەتوانی تفەنگی خۆی دروست بکات، گەیشتووینەتە تورکیایەکی سەربەخۆ کە ئەمڕۆ لەڕێی درۆن، فڕۆکە، تانک، تۆپ، مووشەک، کەشتی و هێلیکۆپتەری خۆیەوە کاری خۆی دەکات".
ئەردۆغان: لە تورکیا ناوەشێتەوە چاوپۆشی لە چارەسەرکردنی کێشەیەکی 40 ساڵە بکات
هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەمموزی 2016 یەکێک لە تەوەری گوتەکانی ئەردۆغان بوو و گوتی:"هاوشێوەی دامەزراوەکانی دیکەی وڵاتەکەمان، بە پاککردنەوەی یەکینەکانی ئاسایشمان لە کاریگەریی پێکهاتە ناڕەواکانی فەتۆ، نوێ بووینەوە، خۆمان کۆکردەوە و بە مانای وشە بەخۆهاتینەوە. پەنا بەخوا دەچینە پێگەی زۆر باشتر. زۆر بەهێزتر دەبین".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها باسی لە بەرەنگاربوونەوەی 'تیرۆر' کرد و جەختیکردەوە کە تورکیا ئیدی لە شوێنی بینەرانەوە سەیری رووداوەکان ناکات.
سەبارەت بە هەنگاو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە گوتی:"لە تورکیا ناوەشێتەوە چاوپۆشی لە چارەسەرکردنی کێشەیەک بکات، کە 40 ساڵە باجی قورسی مرۆیی و دارایی هەبووە. یانیش لەم بابەتەدا بەدوای کەسانێکی تووندڕۆ بکەوێت. با هیچ کەسێک نیگەرانی ئەمە نەبێت. تورکیا بەهێزترین و بە بەرگریترین وڵاتی جیهانە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات".
ئەردۆغان: ئەگەر لە پرۆسەکەدا فێڵ بکرێت درێژە بە ئۆپەراسیۆن دەدەین
هەر سەبارەت بەو پرۆسەیەی ئێستا لە ئارادایە، ئەردۆغان گوتی:"ئەگەر ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجێ نەکرێن، هەوڵ بدرێت پرۆسەکە بە جۆرێک خەمساردی، چاوبەستکردن، فەرامۆشکردن و فێڵبازیی لەڕێی ناوگۆڕینەوە لێ بکرێت، ئێمە گوناهمان نامێنێت."
"ئەو ئۆپەراسیۆنانەمان کە ئێستا بەردەوامن، ئەگەر پێویست بێت بە جۆرێک بەرد لەسەر بەرد و کەلـلە لەسەر شان ناهێڵین و تاوەکو لەنێوبردنی دوایین تیرۆریست، درێژە پێدەدەین. ئێمە خاوەن خانی ئەم ناوچەیەین. هێزە ئیمپریالیستەکانیش کە پاڵپشتیی تیرۆر دەکەن، رێبوارن. ئێمە هەزاران ساڵ لێرە بووین، پەنا بەخوا هەتا کۆتایی لێرە دەبین."
ئەردۆغان دەشڵێت: "با هیچ کەس ئەمە لەبیر نەکات، کاتێک سبەی بەرژەوەندیی پاڵپشتیکارانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەگۆڕێت و دەڕۆن، ئێمە بەیەکەوە دەمێنینەوە. ئەوانەی دەرفەتی تێکدانی ئەو یارییە بەهەدەر دەدەن کە 200 ساڵە لە ناوچەکەمان دەکرێت، بە دڵنیاییەوە لێپرسینەوەی ئەمەیان لەگەڵ دەکرێت. بیرتان نەچێت! لە بابەتە نیشتمانییەکاندا هەڵوێستی نیشتمانیانە گرنگە. بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان لە سەرووی هەموو حسابەکانە".
ئەردۆغان: لەم دەستپێشخەرییەدا شتێک نییە ئازاری رووحی شەهیدان بدات
لەکاتێکدا بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتیش پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، باس لەوە دەکات کە ئەو پرۆسەیە ئازاری کەس و کاری شەهیدان دەدات، ئەردۆغان گوتی:"بە کەس و کاری شەهیدان دەڵێم، لەم دەستپێشخەرییەدا هیچ شتێک نییە ئازاری رووحی شەهیدان بدات و ئێوە نیگەران بکات و سەرتان لە زەوی بدات. هەرگیز شتێکی وەهاش نابێت."
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، ئێستا پرۆسەیەک هەیە، ئەگەرچی بە فەرمی هیچ ناوێکی لێ نەنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو قۆناخانەی بڕیوە کە لە پرۆسەکانی رابردوو تەنانەت باسیشی لێوە نەکرا.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رازی بووە بە بەستنی ئەو کۆنگرەیەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشانەوەی وەکو رێنمایی پێیداون. مەرجی پەکەکە ئەوەیە کە ئۆجەلان خۆی سەرۆکایەتیی ئەو کۆنگرەیە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ