رووداو دیجیتاڵ
لە 9 رۆژی پشووی جەژنی قورباندا 18 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا خنکاون کە شەشیان منداڵ بوون.
پشووی جەژن ئەمساڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا 9 رۆژ بوو و لەگەڵ دەستپێکی پشووەکەش بەشێکی زۆری خەڵک گەڕانەوە زێدی خۆیان بۆئەوەی لەوێ جەژن بکەن؛ بەشێکیشیان چوونە هاوینەهەوارەکان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی ئەم 9 رۆژەدا 18 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئاودا خنکاون کە شەشیان منداڵ بوون.
رۆژی هەینی، 30-6-2023 دوو گەنجی هاورێی یەکدی کە تەمەنیان 21 ساڵ بوو، لە دوورگەی چارپاناک لەکاتی مەلەکردندا لە وانی باکووری کوردستان دیارنەمان. دوای ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاریی گەیشتنە دوورگەکە، تەرمی دوو گەنجەکەیان لە قووڵایی سێ مەتر دەرهێنا.
هەر رۆژی هەینی لە ئێلیهی باکووری کوردستان، ئیسماعیل ئاڵگن (10 ساڵ)، کەرەم شاهین (12 ساڵ) و بەیتوڵڵا چەلیک (تەمەن 13 ساڵ) بۆ مەلەوانی و خۆفێنککردنەوە چوونە چەمی ساسۆن. ئیسماعیل ئاڵگن لە ئاوەکەدا خنکا و تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانەوە دەرهێنرا.
هەمان رۆژ و هەر لە ئێلیهـ، محەممەد تاتڵی تەمەن 17 ساڵ کە بۆ سەیران چووە سەر چەم، لەکاتی مەلەکردندا خنکا.
رۆژی 30-6-2023 و لە شارۆچکەی بیرەجیکیش لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، پێنج هاونیشتمانی بۆ مەلەکردن چوونە نێو ئاوی فورات. هەموویان ژیانیان کەوتە مەترسییەوە و لە ئاوەکە دەرهێنران و رەوانەی نەخۆشخانە کران، بەڵام دووانیان بەناوەکانی موسلوم یاڤوز (43 ساڵ) و باران یاڤوز (16 ساڵ) گیانیان لەدەستدا.
هەر لە رووها و لە شارۆچکەی کانیاخەزالان منداڵێکی تەمەن 5 ساڵ بە ناوی یوسف گولەر لە ئاودا خنکا.
رۆژی 29-6-2023یش سێ گەنجی خاوەن وڵاتینامەی عێراق لە رووباری قزڵ لە پارێزگای کڕککالێ خنکان. بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەو گەنجانە یاری تۆپی پێیان کردووە و لەوکاتەدا تۆپەکەیان کەوتووەتە نێو ئاوە و ویستوویانە دەری بهێننەوە، بەڵام کەوتوونەتە نێو ئاوەکە و خنکاون.
لە شارۆچکەی هاڵکپناری سەر بە پارێزگای کۆنیاش دوو کەس خنکان کە خەڵکی سووریا بوون.
هەر لە رۆژانی پشوودا منداڵێکی دیکەی خەڵکی سووریا لە دیلۆک، کەسێکی دیکەی خەڵکی سووریا لە ئامەد، دوو هاووڵاتی بەناوەکانی حەسەن کۆیمەز (تەمەن 39 ساڵ) و شوکرو ئاکگۆنول (17 ساڵ) لە سامسون، کەسیکی دیکەی خەڵکی سووریا لە مێرسین لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا، ساڵانە تێکڕا 643 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیادا دەخنکێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ