رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی ناوچەی بەیئۆغڵوی ئیستەنبووڵ، هەموو جۆرە چالاکی و خۆپێشاندانێكی لە بەیئۆغڵو قەدەخە کرد و رایگەیاند، مەیدانی تەقسیم بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی قایمقامیەتی بەیئۆغڵو، کە ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووزی 2025 بڵاوکراوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی "ئەو گردبوونەوە و خۆپێشاندانانەی کە ئاشتیی کۆمەڵگە و سیستمی گشتی تێکدەدەن،" لە بەیانیی ئەمڕۆ تاوەکو کاژێر 00:01 سەرجەم گردبوونەوە، خۆپێشاندان، بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە و چالاکییەکانی دانیشتن بۆ ماوەی یەک رۆژ قەدەخە کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەیدانی تەقسیم بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە. هەروەها لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا، سەرجەم کۆڵانەکانی مەیدانی تەقسیم، پارکی گەزی و شەقامی تەقسیم بەرەو مەیدانی گاڵاتاسەرای بەڕووی هاتووچۆدا داخراون.
قایمقامیەتی بەیئۆغڵو رایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بکات و بەپێی دۆخەکە دەتوانن شوێنی جیاوازی ناوچەکەش بەڕووی هاتووچۆدا دابخەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی گەورەشارەوانی شاری ئیزمیر، بڕیاری دەستبەسەرکردنی 157 کەس دراوە و 120 کەس دەستبەسەرکراون. هەروەها چالاکییەکانی جەهەپە لە پارێزگای ئیستەنبووڵ بەردەوامن و داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت برژێنە سەر شەقام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ