رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ئاشکرای دەکات، شاندی دەم پارتی 8 یان 9ی ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، دواتر لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە و جەهەپە کۆدەبێتەوە، سەردانی ئیمراڵیش دەکات و دەڵێت، گەریلاکان تەنیا چەکەکانیان دادەنێن و ناگەڕێنەوە تورکیا تاوەکو ئەو کاتەی یاساکان دەگۆڕدرێن.
حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەمیانی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، ئاشکرای کرد کە لە ماوەی رابردوودا پرۆسەی ئاشتی تووشی خاوییەک بوو، بەڵام هەفتەیەکە کێشەکان نەماون و هەندێک هەنگاوی نوێ هەن و گوتی، "بەپێی پلان 8 یان 9ی ئەم مانگە شاندی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، دواتر لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە و جەهەپە کۆدەبێتەوە، دوای ئەوانیش دەچێتە ئیمراڵی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رەنگە خشتەکە بەپێی پلان بەڕێوەنەچێت و رۆژێک یان دوو رۆژ کاتەکان بگۆڕدرێن."
رۆژی 25-06-2025 سەرۆککۆماری تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا، لەمیانی بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا ئاشکرای کرد، کە دەم پارتی داوای کۆبوونەوەیەکی دیکەیان کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا لەگەڵیان کۆدەبێتەوە.
ئۆڵان لەبارەی ئەو پرسانەی بڕیارە شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئەردۆغان باسیان بکات، گوتی، "شاندی دەم پارتی لەسەر مافەکانی کورد، زمان، ناسنامە و پاراستنی کورد و رۆڵیان لە شارەوانییەکاندان و دۆخی زیندانییەکان و کەسانی دەرەوە و لە چیاکان گفتوگۆ دەکات، پێویستە هەموویانە چارەسەر بکرێن و ئەگەر چارەسەر نەکرێن و بە یاسا نەگۆڕدرێن هیچ واتایەک بۆ پرۆسەکە نامێنێت، هەر چەندە هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئیمڕاڵی و حکومەت هەوڵدەدەن هەرچی زوو ئەم گۆڕانکارییانە بکرێن، بۆ ئەوەی رێ لە هەر پیلانگێرییەک بگرن."
رۆژی دووشەممە 30-06-2025 ئەردۆغان رایگەیاند، زۆر لایەن هەن دەخوازن بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست بکەن، بەڵام ئەوان رێگەیان پێنادەن و گوتیشی، "دڵمان بە پرۆسەکە خۆشە."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی باس لە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی و کارەکانی دەکات، کە چاوەڕێ دەکرێت لە 30 تاوەکو 40 کەس پێکبێت و دەڵێت، "بەپێی قسەی بەرپرسانی تورکیا، لەنێو ئەو کۆمسیۆنەدا بە فراوانی کار بۆ گۆڕینی یاساکان دەکەن، کە نەک تەنیا بۆ شەڕڤان و چەکداران، بەڵکو بۆ کەسانی نێو زیندانەکان، ئەوانەی لە ئەورووپا و وڵاتانی دەوروبەرن، ئەگەر ئەو یاسایانە نەگۆڕدرێن، ئەوە هیچ واتایەک بۆ پرۆسەکە نامێنێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەنێوان 3 تاوەکو 10ی ئەم مانگە نزیکەی 30 گەریلای پەکەکە لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن و دواتر دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان. حوسێن ئۆڵان باس لە گەڕانەوەیان دەکات بۆ شوێنەکانیان و دەڵێت، "ئەوان دەگەڕێنەوە بارەگاکانیان، چونکە لەڕووی مافەکانەوە هیچ بنەمایەک دانەنراوە، تاوەکو ئەو بنەمایانە دانەنرێن ناگەڕێنەوە، هەر کاتێک ئەو بنەمایانە دانران و یاساکان گۆڕدران ئەوان دەگەڕێنەوە تورکیا، یان دەچنە ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریدەکرێن."
لەبارەی هەڵوێستی دەم پارتی و ئۆجەلان، کە ئایا هیچ جیاوازییەکیان هەیە؟ حوسێن ئۆڵان دەڵێت، "پرسی ئیمراڵی جودایە، پرسی ئیمراڵی لەنێوان بەڕێز ئۆجەلان و پەکەکە-دایە، پرسی ئێمەش وەکو دەم پارتی لایەنی دیموکراتییە، مافی مرۆڤ و مافی کوردە و دەخوازین دیموکراسییەتێک دروست بکرێت و هەندێک یاسا بگۆڕدرێن؛ نەک تەنیا کورد، بەڵکو دۆخی هەموو کەسانی دیکە بگۆڕدرێت و ژیانێکی سەرفرازی هەبێت، جیاوازییەکەمان ئەوەیە."
ئۆڵان لە کۆتاییدا گوتی، "بۆ روونکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و گەیاندنی بە خەڵک ئێمە دوو هەزار کۆڕ و کۆبوونەوەمان لە شارەکانی تورکیا و نێو گەلی تورک و گەلانی دیکە و شارە کوردییەکان دا ئەنجامداوە و تێڕوانینی خۆمان لەبارەی پرۆسەکە باسکردووەو بەردەوام دەبین، حکومەتیش لەم رووەوە هەنگاوی ناوە و هەوڵدەدات گرنگی پرۆسەکە بە خەڵک بگەیێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ