ئەردۆغان: تورکیا وڵاتی سەرەکیی کوردە

01-10-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بۆ گەیشتن بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، هەنگاوی مێژوویی نراون. ئاماژە بەوەش دەکات، تورکیا وڵاتی سەرەکیی کوردە و برای کوردانی دەرەوەی سنووریشە. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ی تشرینی یەکەمی 2025، لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
لە کاتێکدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەشداری لە خولی کۆبوونەوەکەدا نەکرد، ئەندامانی فراکسیۆنی دەم پارتی بە پێوە پێشوازییان لە ئەردۆغان کرد. 
 
پێش گوتارەکەی ئەردۆغان، تولای هاتیئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی چوونە لای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و تەوقەیان لەگەڵ کرد.
 
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا گوتی، تورکیا وڵاتی سەرەکیی کوردە و برای کوردانی دەرەوەی سنووریشە و گوتی، بۆ گەیشتن بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" هەنگاوی مێژوویی نراون و سوپاسی دەم پارتی و سەرکردایەتییەکەی کرد لە بەرامبەر هەنگاوەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری. 
 
ئەردۆغان باسی لە هەستیاریی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، پەکەکە هێرشەکانی راگرتووە و بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکی داناوە. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی رۆڵی ئەو کۆمیسیۆنەی کرد بەمەبەستی چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە و ئاماژەی بەوەدا، کۆمیسیۆن نیشانی داوە ئەو پرسە بە چەک چارەسەر نابێت.  
 
ئەردۆغان گوتی: "هەموو شتێک دەکرێ لە کۆمیسیۆنەکە گفتوگۆی لەسەر بکرێ. هەنگاوەکانمان لەژێر چەتری پەرلەماندا دەنێین". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لە رێگەی خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەوە هەموومان یەکین و پێکەوەین. لە رێگەی ئامانجی تورکیایەکی گەورە و بەهێزدا هەموومان یەکین و پێکەوەین. ئەگەر بابەتەکە تورکیایە، ئەوی دیکە وردەکارییە. هەموو ئەو کەسانەی بەم تێگەیشتنەوە کاردەکەن، جێگەیان لەسەر سەری ئێمەیە. ئامانجمان کۆتاییهێنان بە تیرۆر و بەهێزکردنی برایەتییە". 
 
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت.
 
پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە