فراکسیۆنی دەم پارتی بۆ رووداو: هوداپار لە بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی ئێمەدا نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) کە پارتێکی کوردیی ئیسلامییە، لەم بەرە جەژنانەدا، پیرۆزبایی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناکات. سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هوداپار لە بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی دەم پارتیدا نییە.
 
هوداپار، رۆژی شەممە، 23-5-2026، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بارەگای سەرەکیمان بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە لەگەڵ ئاکپارتی، پارتی دەڤا، پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، پارتی سەعادەت، یەنی یۆڵ، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی ئایندە جەژنەپیرۆزە دەکات".
 
لەکاتێکدا دەم پارتی یەکیک لەو پارتانە نییە کە هوداپار جەژنەپیرۆزەی لێ دەکات، رووداو پرسیاری لە سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی کرد و لە وەڵامدا گوتی: "هوداپار لە بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی دەم پارتیدا نییە".
 
بەرنامەی جەژنەپیرۆزەی نێوان پارتە سیاسییەکانی تورکیا، رۆژی پێنجشەممە 28ـی ئایار، کە دووەم رۆژی جەژنی قوربانە، بەڕێوەدەچێت.
 
هوداپار هەروەها رایگەیاندووە: "ناوی ئەو کەسانە دیاریکران کە لە بارەگای سەرەکیمان پێشوازی لە شاندی میوانان دەکەن و ئەوانەشی سەردانی پارتەکانی دیکە دەکەن. هەریەک لە حەمدین ئەسڵان، یاریدەدەری سەرۆک و ئەحمەد کارائاسڵان و موحسین شەنۆل، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گشتی پێکدێن. هەروەها ئەو شاندەمان کە بە مەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتەکانی دیکە دەکات، یونس ئەمیرئۆغڵو، یاریدەدەری سەرۆک سەرۆکایەتیی دەکات. حەمدوڵڵا ئەر و یاسین دورسون، ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی گشتی لەو شاندەدا یاوەریی ئەمێرئۆغڵو دەکەن".
 
هوداپار
 
پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و رۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. ئەگەرچی هوداپار نکۆڵی لەمە دەکات، بەڵام  چەند لایەنێک ئەو پارتە بە درێژکراوەی حیزبوڵڵا لە قەڵەم دەدەن. هوداپار تاوەکو ئێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. 
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییی تورکیا لە 2018دا 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، کە 0.31%ـی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەرلەمان مسۆگەر بکات.
 
هوداپار لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتیی دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد  و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیهـ و دیلۆک بردەوە. هوداپار ئێستا ئەندامێکی لە کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی هەیە کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆزگور ئۆزەل. وێنە: AA

ئۆزەل بووە سەرۆک فراکسیۆنی جەهەپە و ساڵی داهاتووش کۆنگرە سازدەکرێ

فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە) لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و داخراودا لە بارەگای سەرەکیی حیزبەکە، ئۆزگور ئۆزەلی وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە دوای بڕیارەکەی دادگە دێت بۆ دوورخستنەوەی ئۆزێل لە پۆستی سەرۆکایەتیی گشتیی پارتەکە. بەرەی کەمال کلچدارئۆغلوش دەڵین ئەو دۆخەی جەهەپە وا نامێنێت و سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆنگرەی گشتی بەڕێوەدەچێت.