پشیلەیەک کە ناونراوە 'حوسنوی حەوت بەڵا' بووەتە دێوەزمەی سەگەکان

02-05-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ناوچەی ئەسەنلەری ئیستەنبووڵ کە زۆرینە کوردنشینە، پشیلەیەکی کاسبکاران پەلاماری سەگ و خاوەن سەگەکان دەدات و بووەتە رۆژەڤ.
 
چەند دووکاندارێکی ناوچەی ئەسەنلەری ئیستەنبووڵ ئەو پشیلەیە لای خۆیان دادەنێن و ناویان ناوە 'حوسنوی حەوت بەڵا'. دووکاندارەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی پشیلەکە بچووک و بێهێز بووە، بۆیە بریاریانداوە بەخێوی بکەن و ئەو ناوەیان لێناوە. 
 
ئێستا کەمێک گەورە بووە و بەردەم دووکانەکان بە ماڵی خۆی دەزانێت. قەبووڵی نییە هیچ سەگێک بەوێدا تێبپەڕێت و راستەوخۆ پەلاماریان دەدات.
 
ئەو پشیلەیە کێشەی لەگەڵ ئەو کەسانە هەیە کە بە هەڵە یان بە ئەنقەست، ئازاری دەدەن. 
 
کاتێک تووڕە دەبێت، کاردانەوەی بەرامبەر خاوەنەکانیشی هەیە، بەڵام زوو سارد دەبێتەوە.
 
ئەو شەقامەی پشیلەکەی لێیە، ناوی کازم کارابەکرە و خاوەن سەگەکان تاوەکو بۆیان بکرێت، بەوێدا تێناپەڕن. ئەوانەش کە شارەزای ئەو چیرۆکە نین، رووبەڕووی هێرشی حوسنوی حەوت بەڵا دەبنەوە.
 
ئەو پشیلەیە گوێ ناداتە ئەوەی کە سەگەکە چەند هێندی ئەوە یان چەند دڕندەیە، راستەوخۆ هێرش دەکات و تائێستاش هیچ سەگێک نەیتوانیوە بیبەزێنێت، بەڵکو سەگەکان لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ حوسنوی حەوت بەڵا، تەنیا رادەکەن و هەوڵی خۆڕزگارکردن دەدەن. هەندێکجاریش پەلاماری خەڵک دەدات. 
 
حوسنوی حەوت بەڵا بووەتە رۆژەڤ و خەڵک کۆمێنتی جۆراوجۆری لەسەر دەنووسن. زۆربەی کۆمێنتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو پشیلە زۆرترین هەوڵدەدات تا شایستە بە ناوی 'حوسنوی حەوت بەڵا' بێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە