رووداو دیجیتاڵ
تانژو ئۆزجان، سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو کە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـیە دەڵێت، قەناعەتی بەوە هاتووە کە پارتەکەی لە پەرلەماندا بەڵێ بۆ هەموو بڕیارێک ناکات.
ئەو لیژنە 51 ئەندامییەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ کاروبارەکانی پرۆسەی چارەسەر دامەزراوە، مشتومڕی لە نێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دروست کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە جەهەپە بریاری بەشداریکردنی دا و 10 ئەندامی لیژنەکەی بەرکەوتووە.
لەو رۆژەوەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بڕیاری بەشداریکردنی لە لیژنەکە داوە، تانژو ئۆزجان سەرۆکی شارەوانیی بۆڵو ناڕاستەوخۆ رەخنە و ناڕەزایی لە بابەتەکە هەیە.
بەجۆرێک هەڵوێستی دژ لە بابەتی بەشداریکردنی جەهەپە لە پرۆسەی چارەسەر نیشان دەدات. ئەمە وایکرد پرسیاری دروستبوونی ناکۆکی و دژایەتی لە نێو جەهەپە دروست ببێت.
تانژو ئۆزجان ئەمڕۆ شەممە 2-8-2025 لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە کە چەند رۆژیکە پرسیاری ئەوەی ئاراستە دەکرێت، ئایا ناکۆکیی لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە هەیە؟
ئۆزجان لەمبارەیەوە نووسیویەتی، "لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی پارتەکەمان 14 ساڵە بەیەکەوە کاردەکەین. من متمانەم بە کەسایەتیی ئەو هەیە. هاوکات قەناعەتم بەوە هاتووە کە لە لیژنەکەدا بەڵێ بۆ بریاری هەڵە نادەن".
ئەو سەرۆکشارەوانییەی جەهەپە کارکردنی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتیی لە پرۆسەی چارەسەر بە 'هاوپەیمانیی ناپاکی' ناوبرد و گوتی، "مادام چووینەتە نێو ئەو لیژنەیە با رای گشتی لە بابەتەکان ئاگادار بکەینەوە. هەرکاتێکیش پێویست بوو لە لیژنەکە دەربچین، با درێخی نەکەین".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەبارەی گوتە و کاردانەوەکانی تانژو ئۆزجان گوتی، ئەو سنووری خۆی بەزاندووە.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا لیژنەکە لە 51 ئەندام دێت؛ ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێ 3 ئەندامیان بەردەکەوێت. هەروەها هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاری، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش هەریەکەیان ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ