رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، دەڵێت، ئەو بانگەشەیەی لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیادا دەکرێت، گوایە "رێککەوتنێک لەنێوان تورکیا و چین دا کراوە بۆ هێنانی سێ ملیۆن ئۆیگور بۆ تورکیا"، راست نییە.
ناوەندەکە رۆژی دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە کە لەگەڵ چین رێککەوتن کرابێت بۆ هێنانی سێ ملیۆن ئۆیگور بۆ تورکیا. لەوبارەیەوە رایگەیاند، "پێچەوانەی بانگەشەکان، هیچ جۆرە رێککەوتن و گفتوگۆیەک لەنێوان تورکیا و چین دا نەکراوە."
لە راگەیێندراوەکە هاتووە، زۆر گرنگە رای گشتی لەبارەی ئەم جۆرە بابەتە هەستیارە نێودەوڵەتییانەوە تەنیا لێدوانی دامەزراوە فەرمییەکان بە بنەما وەربگرێت، باوەڕ بە بانگەشە گریمانەیی و ناڕاستەکان نەکات.
رۆژی دووشەممە 1ی ئەیلوول لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان تورکیا و چین سێ ملیۆن تورکی ئویگور دەهێندرێنە تورکیا، بەڵام ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، ئێوارەی هەمان رۆژ لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیێندراوەوە دەنگۆکەی رەتکردەوە.
نزیکەی 60 هەزار ئویگور کە خۆیان بە تورک دەزانن، لە چین هەڵاتوون و پەنایان بۆ تورکیا بردووە، بەڵام لە تورکیاش مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان پێنەدراوە.
تائێستا 39 وڵات سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی حکومەتی چین-یان بەرامبەر بە کەمینەی ئویگور کردووە، ئەمریکاش لە ئابی 2021ـەوە بە کۆمەڵکوژی ناوی دەبات.
مێژوونووس، پرۆفیسۆر د. ئیلبەر ئۆرتایلی لە گوتارێکیدا کە رۆژی یەکشەممە 24ی ئابی 2025 لە رۆژنامەی (حورییەت)ی تورکیا بڵاویکردەوە، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئەو گوندانەی لە حەوزی فورات و دیجلە چۆڵ بوون، بەو دانیشتووانە برایانەی ئاسیا پڕبکرێنەوە؛ هەروەها پێویستە جووتیارە ئیشکەرەکانی ناوچەی ئویگور لە ماوەیەکی کورتدا بهێندرێنە تورکیا و قرغیزە شارەزاکانی بواری ئاژەڵداریش لەم خاکەدا چالاک بن.
مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم، رۆژی دووشەممە 25ی ئابی 2025 ئەو گوتارەی بە "رەگەزپەرستانە" و "دژە ئاشتی" ناوبرد.
لە ساڵی 2017دا رێککەوتنی "رادەستکردنەوەی تاوانباران" لەنێوان چین و تورکیا واژۆ کرا، بەڵام پەرلەمانی تورکیا تائێستا ئەو رێککەوتنە دووقۆڵییەی پەسند نەکردووە.
ئویگورەکان کەمینەیەکی بە رەچەڵەک تورکن و موسڵمانن، زۆرینەیان لە ناوچەی تورکستانی رۆژهەڵات دەژین، کە ئێستا پێی دەگوترێت هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی شینجیانگ ئۆیغوور لە چین؛ ژمارەشیان 12 ملیۆن و 800 هەزار کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ